وتەبێژی کۆشکی سپی وتی سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆگان بانگهێشتی سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپی کردووە لە ساڵی 2019 دا سەردانی تورکیا بکات.
وتەبێژی کۆشکی سپی هۆگن گێدلی وتی " سەرەڕای ئەوەی هیچ شتێک دیارینەکراوە و هیچ شتێکیش پلانی بۆ دانەنراوە، سەرۆک ترامپ ئامادەیە لە داهاتوودا کۆببێتەوە."
لە بابەتە سەرەکییەکانی نێوان دوو وڵاتەکەدا ململانێکانی سوریایە دوای بڕیاری کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا و بابەتی دۆسییەی کوژرانی ڕۆژنامەنووسی سعودیە جەمال خاشقچی و هەروەها داوای تورکیایە لە ئەمەریکا تاوەکو کەسایەتی ئاینی تورکی فەتحوڵا گولەن ڕادەستی تورکیا بکاتەوە.
سەرۆکایەتی تورکیا ڕایگەیاند سەرۆک ترامپ و ئەردۆگان لە میانەی پەیوەندییە تەلەفونییەکەی ڕۆژی یەکشەممەدا ڕێکەوتن لەسەر هەماهەنگی بۆ خۆبەدوورگرتن لە کەوتنەوەی بۆشاییەک دوای کشانەوەی ئەمەریکا لە سوریادا.
بەرپرسێکی باڵای ئەمەریکا وتی پێشتر سەرۆک ترامپ باسی لە بڕیاری کشانەوەکە نەکردووە لەگەڵ ئەردۆگاندا.
وتەبێژی ئەردۆگانیش وتی بەرپرسانی سەربازی ئەمەریکا لەم هەفتەیەدا سەردانی تورکیا دەکەن بۆ گفتوگۆکردن لەسەر وردەکاری کشانەوەی ئەمەریکا لە سوریا.
هەروەها سەبارەت بە بابەتی گولەنیش وەزیری دەرەوەی تورکیا هەفتەی ڕابردوو وتی سەرۆک ترامپ لەمیانەی کۆبوونەوەکەیدا لەگەڵ ئەردۆگان لە ئەرجەنتین وتوویەتی کاردەکات بۆ ڕادەستکردنەوەی گولەن.
بەڵام دواتر بەرپرسێکی کۆشکی سپی وتی سەرۆک ترامپ نەیوتووە گولەن ڕادەستی تورکیا دەکەمەوە لەمیانەی کۆبوونەوەکەی ئەرجەنتیندا.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز