Accessibility links

پێشنیاری تورکیا بۆ ئەمەریکا سەبارەت بە کوردەکانی سوریا


ئەمڕۆ بەرپرسێکی تورکی وتی ئەنقەرە پێشنیارێکی کردووە بۆ واشنتن سەبارەت بە کشانەوەی یەکینەکانی پاراستنی گەلی کورد لە سوریا بۆ ڕۆژهەڵاتی ڕووباری فوڕات و جێگیربوونی هێزەکانی تورکیا و ئەمەریکا لە شاری مەنبەجی سوریا.

بەرپرسەکە وتیشی ئێستا ئەمەریکا بیر لەو پێشنیارەی تورکیا دەکاتەوە کە لەمیانەی سەردانەکەی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ڕێکس تیلەرسن بۆ تورکیا پێشکەشی کردووە.

ئەم لێدوانەی بەرپرسە تورکییەکە دوای ڕاگەیاندنەکەی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا دێت کە تیایدا وتبووی وەزیری بەرگری ئەمەریکا جەیمس ماتیس لەگەڵ هاوتا تورکییەکەیدا کۆبۆتەوە لەمیانەی کۆبوونەوەی لوتکەی هاوپەیمانێتی ناتۆدا و داوای لە ئەنقەرە کردووە سەنگی خۆی بخاتە سەر بەرەنگاربوونەوەی ڕێکخراوی داعش لە سوریادا.

هەروەها وەزیری دەرەوەی تورکیا مەولود چاوش ئۆغلۆ وتی تورکیا و ئەمەریکا ڕێکەوتوون لەسەر کارکردن بۆ ئاسایکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوانیان.

لەمیانەی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ڕێکس تیلەرسن، مەولود چاوش ئۆغلۆ وتی ئەمەریکا و تورکیا لە ناوەڕاستی مانگی سێدا کۆبوونەوەیەکی دیکە ئەنجام دەدەن.

ڕێکس تیلەرسن لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا وتی ئەمەریکا لە ترسەکانی تورکیا تێدەگات سەبارەت بە سنوورەکەی، لە هەمان کاتدا داوای لە ئەنقەرە کرد دان بەخۆیدا بگرێت لەو ئەرکە سەربازییەی لە سوریا ئەنجامی دەدات دژی کوردەکانی سوریا لە ناوچەی عەفرین.

هەروەها وتیشی واشنتن ترسی زۆری هەیە سەبارەت بەو کارمەندە ناوخۆییانەی کە لە دامەزراوە سیاسییەکانی ئەمەریکادا کار دەکەن لە تورکیا و داوای لە تورکیا کرد ئەو سێ ئەمەریکییە ئازاد بکەن کە لەلایەن بەرپرسانی تورکیەوە دەستگیرکراون.

هەروەها بەپێی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا کە لەگەڵ تیلەرسندایە لە گەشتەکەیدا تیلەرسن و سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆگان لە ئێوارەی پێنجشەممەدا کۆبوونەوەیەکی بەرهەمهێنەر و کراوەیان ئەنجامداوە.

XS
SM
MD
LG