Accessibility links

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا سەبارەت بە دوایین ناکۆکییەکان لەگەڵ هاوتا تورکییەکەیدا گفتوگۆ دەکات


وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ڕێکس تیلەرسن لەگەڵ هاوتا تورکییەکەی وەزیری دەرەوەی تورکیا مەولود چاوش ئۆغلۆدا قسەی کردووە و نیگەرانییەکی زۆری دەربڕیوە سەبارەت بە دەستگیرکردنی دوو کارمەندی کونسوڵخانەی ئەمەریکا لە تورکیا.

لە بەیاننامەکەدا هاتووە دەڵێت تیلەرسن داوای لە حکومەتی تورکیا کردووە بەڵگە بخەنە ڕوو لەسەر ئەو تۆمەتانەی ئاڕاستەی دوو کارمەندی تورکیان کردووە کە لەم مانگەدا لەلایەن بەرپرسانەوە دەستگیرکراون.

دەستگیرکردنی ئەو دوو کارمەندە بووە هۆی ئەوەی ئەمەریکا بەیاننامەیەک دەربکات و پێدانی ڤیزا لە هەموو کونسوڵخانە و باڵیۆزخانەکانی ئەمەریکا لە تورکیا ڕابگرێت. پاش ماوەیەکی کەم لەو ڕاگەیاندنەی ئەمەریکا بە هەمان شێوە تورکیاش پێدانی ڤیزای لە ئەمەریکا ڕاگرت.

لەلای خۆیەوە جێگری سەرۆک وەزیری تورکیا محەمەد شیمشک وتی ناکۆکییە سیاسییەکەی نێوان وڵاتەکەیی و ئەمەریکا کە بووە هۆی ڕاگرتنی پێدانی ڤیزا لەلایەن هەردوو وڵاتەوە " گەورە کراوە " و بەمزووانە ڕێگەیەک دەدۆزنەوە بۆ چارەسەرکردنی.

شیمشک لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە واشنتن وتی تورکیا پاراستنی ئەمن و ئاسایشی سیاسەتمەداران و کارمەندانی ئەمەریکا لە تورکیا بە ئەرکێکی سەرەکی دەزانێت و وتیشی دەستگیرکردنی ئەو دوو کارمەندە لە کونسوڵخانەکانی ئەمەریکا لە تورکیا تەنها لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەیەکی ڕۆتینیدا بووە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG