Accessibility links

وەزیری دەرەوەی تورکیا دەڵێت تورکیا و ئەمەریکا لە گفتوگۆدان بۆ پێکهێنانی گروپێکی کاری هاوبەش لەسەر سزاکان


مولود چاوش ئۆغڵۆ وەزیری دەرەوەی تورکیا ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاند کە تورکیا و ئەمەریکا دەستیان بە گفتوگۆ کردووە بۆ پێکهێنانی گروپێکی کاری هاوبەش سەبارەت بە سزاکانی ئەمەریکا بۆ سەر ئەنکەرە کە بە هۆی کڕینی سیستەمی بەرگری موشەکی S-400ی ڕوسیاییەوە بەسەریدا سەپێندراوە.

واشنتن لە دوای کڕینی S-400لە لایەن تورکیاوە لەم مانگەدا سزای خستە سەر بەڕێوەبەرایەتی پیشەسازی بەرگری تورکیا ( SSB) و سەرۆکەکەی واتە ئیسماعیل دەمیر و سێ کارمەندی دیکەش.

سزاکان لە کاتێکی هەستیاری پەیوەندییەکی گرنگی نێوان ئەنکەرە و واشنتندا سەپێندرا کە جۆو بایدن سەرۆکی هەڵبژێردراوی دیموکرات لە 20 ی مانگی یەکدا بڕیارە لە شوێنی دانۆڵد ترامپ دەست بەکات بکات.

پێشتر ئەنکەرە پێشنیاری گروپێکی کاری کردبو بۆ هەڵسەنگاندنی ئەگەری کاریگەریی S-400 لەسەر سیستەمەکانی ناتۆ، پێشنیارێک کە لەسەرەتادا لەلایەن واشنتنەوە ڕەتکرایەوە .

مەولود چاوش ئۆغڵۆ وەزیری دەرەوەی تورکیا ڕۆژی چوارشەممە لە کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، مایک پۆمپەیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ڕەزامەندی خۆی دەربڕیوە بۆ پێکهێنانی گروپێکی کاری هاوبەش.

چاوش ئۆغڵۆ گوتی "لە کۆبوونەوەمان لەگەڵ پۆمپەیۆ گوتمان پێشنیارەکەمان هێشتا لە شوێنی خۆی ماوە و ئەمریکییەکان گوتیان با پێکەوە کار لەسەر ئەم بابەتە بکەین . ئۆغڵو وتیشی، لە ئێستادا تەنیا لە گفتوگۆداین و هێشتا گروپی کاری هاوبەشمان پێکنەهێناوە."

تورکیا دەڵێت کڕینی S-400 هەڵبژاردەیەک نەبووە، بەڵکو پێویستییەک بووە، لەبەر ئەوەی نەیتوانیوە سیستەمی بەرگری ئاسمانی لە هیچ یەک لە هاوپەیمانیەکی ناتۆ بە مەرجی گونجاو دەستە بەربکات.

واشنتن دەڵێت S-400 مەترسی بۆ سەر فڕۆکە شەڕکەرەکانی ئێف 35 و سیستەمە بەرگرییە فراوانەکانی ناتۆ دروست دەکات. تورکیا ئەمە ڕەت دەکاتەوە و دەڵێت ئەو سیستمە نابێتە کێشە لە ناتۆدا و پەیوەندی بە ناتوەوە نییە.

چاوش ئۆغڵو ڕۆژی چوارشەممە گوتیشی تورکیا ئامادەیە هەنگاو بنێت بۆ پێشخستنی پەیوەندی لەگەڵ ئەمەریکادا و هیوای خواست بەڕێوبەرایەتی داهاتووی بایدنیش هەمان کار بکات.

XS
SM
MD
LG