Accessibility links

وتەبێژی ئەردۆگان لە تورکیا چاوی بە ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی ئەمەریکا کەوت


ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی ئەمەریکا مکماستەر

سەرچاوەیەکی سەرۆکایەتی وتی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی ئەمەریکا ئەیچ ئاڕ مکماستەر ڕۆژی یەکشەممە لەگەڵ ئیبراهیم کالینی وتەبێژی سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆگاندا کۆبۆتەوە، ئەمەش لەنێوەندی گرژییەکانی نێوان دوو وڵاتەکەی ئەندام لە ناتۆدا.

گفتوگۆکانی مکماستەر لەگەڵ ئیبراهیم کالینی وتەبێژی ئەردۆگان پێش چەند ڕۆژێک لە سەردانە چاوەڕوانکراوەکەی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ڕێکس تیلەرسن دێت بۆ تورکیا.

سەرچاوەیەکی سەرۆکایەتی وتی " لەمیانەی کۆبوونەوەکەی مکماستەر و کالیندا هاوبەشیە ستراتییژیە مەودا فراوانەکانی نێوان تورکیا و ئەمەریکا جەختیان لەسەر کراوەتەوە و مامەڵە لەگەڵ بابەتە هەستیارەکان و بەرژەوەندییە سەرەکییەکانی دوو وڵاتەکە کراوە."

وتیشی کالین و مکماستەر هەڵسانگاندنێکیان کردووە بۆ پیشهاتەکانی ناوچەکە و ئەو هۆکارانەی کە بوونەتە هۆی زیان گەیاندن بە پەیوەندییەکانی نێوان دوو وڵاتەکەی ئەندام لە ناتۆ و هەروەها باسیان لە پەرەپێدانی ئەو ڕێگایانە کردۆتەوە کە دەکرێت بگرێنە بەر بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر. بەڵام سەرچاوەکە وردەکاری زیاتری نەدا.

وەزیری دەرەوەی تورکیا مەولود چاوش ئۆغلۆ وتی لەمیانەی سەردانەکەی تیلەرسندا پێویستی کۆتایی هێنان بە گرژییەکانی نێوان دوو وڵاتەکەی پێ ڕادەگەیەنم کە زیانێکی زۆری گەیاندووە بە متمانەی نێوانیان. بەڵام تا ئێستا بەرواری سەردانەکەی تیلەرسن بۆ تورکیا ڕانەگەیەنراوە.

جێی ئاماژەیە دوای کودەتاکەی ساڵی 2016ی تورکیا پەیوەندییەکانی نێوان ئەمەریکا و تورکیا تێکچوون بەهۆی ئەوەوە کە ئەمەریکا کەسایەتی ئاینی تورکی فەتحوڵا گولەن ڕادەستی تورکیا ناکاتەوە و دەڵێت ئەنقەرە بەڵگەی تەواوی نەداوە بەدەستەوە لەسەر ئەوەی گولەن دەستی هەبووبێت لە کودەتاکەدا بۆیە ڕادەستی ناکەنەوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG