Accessibility links

تورکیا: هەوڵەکان بۆ دامەزراندنی ناوچەی ئارام لە سوریا ئەنجامی نیە


کەناڵی خەبەری تورکی لە زاری وەزیری دەرەوەی تورکیا مەولود چاوش ئۆغلۆوە بڵاویکردەوە تورکیا پێی وانیە هەوڵەکان لەگەڵ ئەمەریکادا بۆ دامەزراندنی " ناوچەی ئارام " لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا هیچ ئەنجامێکی هەبێت و تورکیا ئامادەیە بۆ دەستپێکردنی هەڵمەتێکی سەربازی.

ئەنقەرە و واشنتن ڕێکەوتن لەسەر دامەزراندنی ناوچەیەکی ئارام لەسەر سنووری نێوان تورکیا و سوریا و ئەنقەرە دەیەوێت ناوچە ئارامەکە 30 کیلۆمەتر بچێتە ناو خاکی سوریاوە و چەکدارانی یەکینەکانی پاراستنی گەلی کورد لەو ناوچانە دەربچن.

تورکیا ئەمەریکای تۆمەتبار کردووە بەوەی غەم ساردی دەنوێنێت لە دامەزراندی ناوچەی ئارامدا، هەروەها هەردوو وڵات ناکۆکیان هەیە لەسەر ڕووبەری ناوچە ئارامەکە و کێش بەڕێوبەرایەتی بکات.

تورکیا دەڵێت دەیەوێت نزیکەی ملیۆنێک پەنابەری سوری لەو ناوچەیەدا دابنێت. بەڵام چەند جارێک ئاماژەی بە کردەوەی سەربازیی تاکلایەنە کردووە لە حاڵەتێکدا ئەگەر هەوڵەکان نەگەیشتنە ئاستی پێشبینییەکانی یاخود ئاستەنگیان بێتە بەردەم.

ڕۆژی سێشەممە سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆگان وتی وڵاتەکەی هیچ بژاردەیەکی لەبەردەمدا نیە تەنها ئەوە نەبێت خۆی بە تەنیا کاربکات.

چاوش ئۆغلۆ بە کەناڵی خەبەری تورکی وت وڵاتەکەی هیچ جدییەتێکی لە ئەمەریکاوە نەبینیوە. کەناڵە لە زاری ئۆغلۆوە بڵاویکردەوە " ئێمە پێمان وایە ئەم پڕۆسەیەی ئێستا هەیە لەگەڵ ئەمەریکادا نامانبان بەرەو ئەو خاڵەی ئێمە دەمانەوێت. ئەو زانیاریانەی پێمان گەیشتوون ئەوە دەسەلمێنن."

چاوش ئۆغلۆ جەختی لەوە کردەوە وڵاتەکەی ئامادەیە بۆ هێرشکردن. وتی " پێویستە لەسەرمان هەنگاو بنێین بۆ دەرکردنی ڕێکخراوە تیرۆریستیەکان لەسەر سنوورەکەمان و گەڕانەوەی پەنابەران بۆ سوریا."

جێی ئاماژەیە تا ئێستا تورکیا و ئەمەریکا شەش ئەرکی ئاسمانی هاوبەشیان بەسەر ئاسمانی باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریادا ئەنجامداوە لەگەڵ دوو ئەرکی پیادەشدا. بەڵام ئەمەریکا هۆشیاریداوەتە تورکیا لە کردەوەی تاکلایەنانە کە لە بەرژەوەندیی هیچ وڵاتێکدا نابێت.

وەزیری بەرگری تورکیا ئاکار خەڵوسی وتی " ئێمە زۆر زۆر دوورین لە پێشبینییەکانمان سەبارەت بە دامەزراندنی ناوچەی ئارام. بەردەوام دەبین لە وتوێژەکانمان لەپێناو چارەسەرێکی ئاشتیانە."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG