Accessibility links

چاوش ئۆغلۆ: تورکیا سوورە لەسەر ئەوەی بەزووترین کات بپەڕێتەوە بۆ ڕۆژهەڵاتی ڕووباری فوڕات لە سوریا


وەزیری دەرەوەی تورکیا مەولود چاوش ئۆغلۆ

ڕۆژنامەی حوڕییەتی تورکی لە زاری وەزیری دەرەوەی تورکیا مەولود چاوش ئۆغلۆوە بڵاویکردەوە تورکیا سوورە لەسەر ئەوەی بە زووترین کات بپەڕێتەوە بۆ ڕۆژهەڵاتی ڕووباری فوڕات لە باکووری سوریا.

تورکیا لەم مانگەدا ڕایگەیاند ئەرکێکی سەربازیی لەو ناوچەیەدا ئەنجام دەدات. هەفتەی ڕابردووش ئەمەریکا ڕایگەیاند هەموو هێزەکانیان لە باکووری سوریا دەکشێننەوە، ئەوەش وایکرد ئەنکەرە پلانەکانی دوابخات.

سەرۆکایەتی تورکیاش لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆگان و سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ ڕێکەوتوون لەسەر ئەوەی هەماهەنگی بکەن لەنێوانیاندا تاوەکو شوێنی هێزەکانی ئەمەریکا لەو ناوچانە بە بەتاڵی نەمێنێتەوە.

هەروەها دەزگای هەواڵی فەڕمی ئەنادۆڵۆ لە زاری چاوش ئۆغلۆوە بڵاویکردەوە تورکیا و ئەمەریکا ڕێکەوتوون لەسەر تەواوکردنی ڕیکەوتنەکەیان سەبارەت بە شاری مەنبەجی سوریا بە هەماهەنگی لەگەڵ تەواوبوونی کشانەوەی ئەمەریکادا لە سوریا.

بەپێی نەخشە ڕێگای مەنبەج، تورکیا و ئەمەریکا ڕێکەوتوون لەسەر کشانەوەی تەواوەتی یەکینەکانی پاراستنی گەلی کورد لە شارەکەدا.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG