Accessibility links

کوژرانی پێنج سەربازی تورکی لە هێرشێکدا بۆ سەر باکووری ڕۆژئاوای سوریا


وەزارەتی بەرگری تورکیا وتی هێزەکانی حکومەتی سوریا پێنج سەربازی تورکیایان لە باکووری ڕۆژئاوای سوریا کوشتووە، ئەوەش دوای ئەوەی تورکیا هەزاران سەربازی ڕەوانەی سوریا کرد بۆ ڕاگرتنی هێرشەکانی حکومەتی سوریا.

هێرشەکەی هێزەکانی حکومەتی سوریا بنکەیەکی سەربازی نوێی تورکیایان لە ناوچەی تەفتناز لە پارێزگای ئیدلب کردە ئامانج دوای ئەوەی هەفتەی ڕابردوو لە بۆردومانێکی سوپای سوریادا هەشت سەربازی دیکەی تورکیا کوژران.

لەلای خۆیەوە وەزارەتی بەرگری تورکیا وتی وەڵامی دوایین هێرشەکانی هێزەکانی حکومەتی سوریای داوەتەوە.

سەرۆکایەتی تورکیا ڕایگەیاند بەرپرسانی تورکیابە شاندەکەی ڕوسیایان ڕاگەیاندووە دەبێت هێرشەکان بۆ سەر خاڵە چاودێرییەکانی تورکیا لە باکووری ڕۆژئاوای سوریا بوەستێنرێن و ئەم جۆرە هێرشانە بەبێ وەڵامدانەوە تێپەڕ نابن.

سەرۆکایەتی تورکیا دوای کۆبوونەوەکەی نێوان ڕاوێژکاری سەرۆکایەتی تورکیا ئیبراهیم کالین و شاندە ڕوسیەکە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند بە ڕوسەکانمان وتووە دەبێت هێرشەکان بۆ سەر هێزەکانی تورکیا بوەستێنرێن.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG