Accessibility links

تورکیا: ناتوانرێت چارەسەری قەیرانی سوریا بکرێت بە مانەوەی ئەسەد لەسەر دەسەڵات


سەرۆک وەزیری تورکیا بن عەلی یەڵدریم وتی وڵاتەکەی پێی وایە ناتوانرێت چارەسەری ناکۆکییەکانی ناو سوریا بکرێت بە مانەوەی بەشار ئەسەد لەسەر دەسەڵات.

یەڵدریم لەمیانەی سەردانەکەیدا بۆ بەڕیتانیا وتی " ئەو ڕژێمەی ئێستا بەرپرسیارە لەوەی ڕوویداوە لە سوریادا، پێم وا نیە ئەگەرێک هەبێت بۆ بنیاتنانی ئاشتیەکی هەمیشەیی بە بەردەوامبوونی ئەسەد لەسەر دەسەڵات."

وابڕیارە ڕۆژی سێشەممە دانوستانەکانی ئاشتی لە جنێڤ بەڕێوە بچێت بەڵام شاندی حکومەتی سوریا گەشتەکەی بۆ جنێڤ دواخست، ئۆپۆزسیۆنی سوریاش دەڵێت ئامانجی سەرەکییان لە دانوستانەکاندا لەکارلابردنی ئەسەدە.

سەرۆکی شاندی ئۆپۆزسیۆنی سوریا نەسر حەریری وتی شاندی ئۆپۆزسیۆن لە دانوستانەکانی ئاشتیدا ئامانجی لەکارلابردنی سەرۆکی سوریا بەشار ئەسەدە بەڵام بەنیازە بەجددیی و ڕاستەوخۆ بچێتە ناو دانوستانەکانەوە لەگەڵ شاندی حکومەتی سوریادا.

دوای ئەوەی گەیشتە جنێڤ بۆ بەشداریکردن لە دانوستانەکانی ئاشتی کە نەتەوە یەکگرتووەکان سەرپەرشتیاری دەکات، نەسر حەریری بە ڕۆژنامەنووسانی وت " دڵنیاتان دەکەینەوە ئامانجی سەرەکی ئێمە لەکارلابردنی ئەسەدە."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG