Accessibility links

تورکیا ڕەخنەکان لەمەڕ شێوازی مامەڵەکردنی لەگەڵ خۆپیشاندانی خوێندکاران ڕەت دەکاتەوە


ڕۆژی پێنجشەممە تورکیا ڕەخنەی نێونەتەوەیی لەسەر سەرکوتکردنی خۆپیشاندانی خوێندکاران لە دژی دەستنیشان کردنی کەسێکی سەر بە حکومەت بۆ بەڕێوەبەری زانکۆی ئەستەنبوڵ، ڕەت کردەوەو هۆشداری بە وڵاتەکان دا کە پێویستە خۆیان دووربگرن لە بابەتە ناوخۆییەکانی وڵاتەکەی.

چەند هەفتەیە خوێندکاران و کارمەندانی زانکۆی بۆغازچی ناڕەزایی لە دژی دەستنیشانکردنی مەلیح بولو لە 1 ی مانگی 1 لەلایەن سەرۆک ڕەجەب تەیب ئەردوغانەوە دەردەبڕن بۆ سەرۆکایەتی ئەو زانکۆیە. ئەو کەسایەتییەکی ئەکادمییە کە جارێکیش کاندیدی پارتەکەی ئەردۆغان بوو بۆ پەرلەمانی وڵاتەکە. ئەوان داوای دەستلەکارکێشانەوەی بولو دەکەن و دەڵێن دەبێت زانکۆکە خۆی سەرۆکی خۆی هەڵبژێرێت.

ژمارەیەک لە خۆپیشاندانەکان پێکدادانی لە نێوان پۆلیس و خۆپیشاندەران لێکەوتەوە و سەدان کەس دەسگیر کراون، ژمارەیەکیان لە ماڵەوە براون، ئەمەش لە کاتێکدایە ئەردۆغان بەڵێنی چاکسازی داوە لە بەهێزکردنی پێوانە دیموکراسییەکاندا.

کاربەدەستان لە ئەمەریکا، نەتەوە یەکگرتووەکان و یەکێتی ئەورپا ڕەخنەیان لە مامەڵەکردنی تورکیا لەگەڵ خۆپیشاندەراندا گرتووە و هەروەها زنجیرەیەک لێدوانی دژە هاوڕەگەز خوازەکان کە لە کاتی ئیدانەکردنی خۆپیشاندانەکاندا لەلایەن ئەردۆغان و بەرپرسانی ترەوە کراون.

ڕۆژی پێنجشەممە وەزارەتی دەرەوەی تورکیا بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە کە تیایدا بەرگری لە کردارەکانی هێزەکانی ئاسایشی تورکیا دەکات و دەڵێت ڕێکخراوە تیرۆرستیەکان هەوڵیان داوە هێرش بکەن و هانی خۆپیشاندەران بدەن.

وەزارەتەکە دەڵێت " ئێمە پێشنیار دەکەین ئەوانەی دەیانەوێت وانەی دیموکراسی و یاسا بە وڵاتی ئێمە بڵێنەوە، بڕواننە خۆیان، هیچ کەس ئەو مافەی نییە هەوڵ بدات دەستبخاتە کاروباری ناوخۆیی تورکیاوە."

ئەم هەفتەیە ئاڵۆزییەکان زیادیان کرد دوای ئەوەی کۆمەڵێک خوێندکار لەسەر پۆستەرێک دەستگیرکران، کە لە زانکۆی بۆغازچی نمایش کرابوو، کە پیرۆزترین شوێنی ئیسلام یان بە ئاڵاکانی مافی هاوڕەگەزخوازەکان وێنا کردبوو. لە کۆتایی هەفتەدا خوێندکارەکان بە تۆمەتی هاندان بۆ ڕق و سووکایەتی کردن بە بەها ئایینییەکان دەستگیرکران .

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا نێد پرایس ڕۆژی چوارشەممە گوتی " ئێمە نیگەرانین لەمەڕ دەستگیرکردنی خوێندکاران و خۆپیشاندەرانی تر و بە توندی لێدوانە ڕق و کینەکانی دژ بە هاوڕەگەزخوازان شەرمەزار دەکەین."

ئۆفیسی مافەکانی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان لە تویتێکدا داوا لە تورکیا دەکات بەکارهێنانی هێز دژ بە خۆپیشاندەران ڕاگرێت و لێدوانەکانی کاربەدەستان دژ بە هاوڕەگەزخوازەکان شەرمەزار دەکات.

یاسادانەری پەرلەمانی ئەوروپا ناچۆ سانچز ئەمۆر نیگەرانی لەمەڕ توندوتیژییەکانی پۆلیس و دەستگیرکردنی بە کۆمەڵی خەڵکی دەربڕی و پرسیاری کرد "ئایا ئەمە ڕەنگدانەوەی ئەجێندای پۆزتیڤی نوێی و خواستی چاکسازییە؟"

وەزارەتی ناوخۆی تورکیا ڕۆژی پێنجشەممە ڕایگەیاند 528 کەس لە ماوەی ئەو خۆپیشاندانانەدا دەسگیرکراون و 498 کەسیان ئازاد کراون. گوتەبێژی وەزارەتەکە ئیسماعیل چەلیک دەڵێت لەوانەی کە لە زینداندان بەلایەنی کەم 22 کەسیان پەیوەندییان بە ڕێکخراوە تیرۆرستییەکانەوە هەیە.

XS
SM
MD
LG