Accessibility links

تورکیا هێشتا سوورە لەسەر بەدەستهێنانی سیستەمی S-400 ی ڕووسیایی


سەرەڕای هوشداریـیەکانی ئەمەریکا، تورکیا سوورە لەسەر بەدەستهێنانی سیستەمی بەرگری موشەکی S-400 ی ڕووسیایی.

مەولود چاوش‌ئۆغڵو وەزیری دەرەوەی تورکیا ئەمڕۆ دووشەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی لە ئەنکەرە گوتی"گرنگ نیـیە چ بڕیارێکی سزا دەدرێت، گرنگ نیـیە چ ڕاگەیاندنێک لە ئەمەریکاوە دێت، تازە ئێمە S-400مان کڕیوە."

گوتیشی ئەوان لە ئێستادا لەگەڵ ڕووسیا باس لە کاتی وەرگرتنی سیستەمەکە دەکەن وە ناکرێت دەستبەرداری ببن.

باسی لەوەش کرد ئەو ڕێوشوێنانەی ئەمەریکا لە دژی تورکیا لەسەر ئەم مەسەلەیە گرتونیەتەبەر لەگەڵ ڕێکەوتننامەی هاوبەش و یاسادا ناگونجێن. ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد واشنتن هەموو پـێشنیارەکانی ئەنکەرەی ڕەتکردووەتەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە.

ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا دوو هەفتە لەمەوبەر بڕیارێکی پەسەندکرد و تیایدا نووسیویەتی ئەگەربێت و حکومەتی تورکیا لە بەدەستهێنانی ئەم سیستەمە پاشگەز نەبێتەوە، ئەوا پەیوەندیـیەکانی نێوان ئەمەریکا و تورکیا و هەروەها ڕۆڵی تورکیا لە ناتۆ دەکەونە بەر مەترسیـیەوە.

XS
SM
MD
LG