Accessibility links

دوای کۆبوونەوەکەی لاڤرۆڤ، تورکیا دەڵێت پلانی هەناردەکردنی گەنمی ئۆکرانیا ڕێی تێدەچێت


وەزیری دەرەوەی تورکیا مەولود چاوش ئۆغلۆ و وەزیری دەرەوەی ڕووسیا سێرگێی لاڤرۆڤ، ئەنقەرە

ڕۆژی چوارشەممە وەزیری دەرەوەی تورکیا وتی پلانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دووبارە دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی گەنمی ئۆکرانیا لەڕێی ڕێڕەوێکی دەریاییەوە " ڕێی تێدەچێت " و پێویستی بە گفتوگۆی زیاترە لەگەڵ مۆسکۆ و کیێڤدا تاوەکو دڵنیا ببینەوە لە پارێزراوی کەشتییەکان.

وەزیری دەرەوەی تورکیا مەولود چاوش ئۆغلۆ دوای کۆبوونەوەکەی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ڕووسیا سێرگێی لاڤرۆڤدا لە ئەنقەرە وتی کۆبوونەوەکە بونیادنەر بووە، ئیرادەیەکیش هەیە بۆ گەڕانەوە بۆ گفتوگۆکانی نێوان ئۆکرانیا و ڕووسیا بۆ گەیشتن بە ئاگربەستێک.

داگیرکارییەکەی ڕووسیا لە ئۆکرانیا بووە هۆی ڕاگرتنی هەناردەکردنی گەنمی ئۆکرانیا لە دەریای ڕەشەوە، مەترسی کەوتنەوەی قەیرانی خۆراکی لە جیهاندا دروست کردووە. نەتەوە یەکگرتووەکان داوای لە ڕووسیا و ئۆکرانیا و تورکیاش کردووە لەسەر ڕێڕەوێک ڕێکبکەون. تورکیا لە دەریای ڕەشدا سنووری ئاوی لەگەڵ ڕووسیا و ئۆکرانیاشدا هەیە.

هەر ڕێکەوتنێک ڕەنگە پێویستی بەوە بێت هێزی دەریایی تورکیا هاوەڵی ئەو کەشتیانە بکات کە لە بەندەری ئۆدێسا و بەندەرەکانی دیکەی ئۆکرانیاوە دەردەچن بەرەو تەنگەکانی تورکیا و دواتریش بۆ بازاڕەکانی جیهان، بەندەرەکانی ئۆکرانیا لە ئێستادا لەلایەن هێزی دەریایی ڕووسیاوە گەمارۆدراون.

وەزیری دەرەوەی تورکیا مەولود چاوش ئۆغلۆ وتی " تاوتوێی کۆمەڵێک بیرۆکە کراوە بۆ هەناردەکردنی گەنمی ئۆکرانیا بۆ بازاڕەکان، نوێترین بیرۆکەش پلانەکەی نەتەوە یەکگرتووەکانە بۆ دروستکردنی ڕێڕەوێک لەنێوان نەتەوە یەکگرتووەکان و ئۆکرانیا و ڕووسیا و تورکیادا."

وتی " پلانەکە بۆ ئێمە ڕێی تێدەچێت، بێگومان دەبێت ڕووسیا و ئۆکرانیا پەسەندی بکەن."

لاڤرۆڤ وتی ئۆکرانیا دەبێت ڕێگە بدات کەشتیە بازرگانییەکان بەشێوەیەکی پارێزراو بەندەرەکانی جێبهێڵن تاوەکو بتوانن بگەن بە ڕێکەوتنێک بۆ کردنەوەی ڕێڕەوێک بۆ کاڵان.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG