تورکیا ڕایگەیاند ناکۆکییەکانی نێوان قەتەڕ و وڵاتانی عەرەبی کەنداو و میسڕ زیان بە جیهانی ئیسلامی دەگەیەنێت و هەرچی لەتوانایاندا بێت دەیکەن بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێكی سیاسی بۆ کۆتایی هێنان بە ناکۆکییەکان.
سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆگان پەیوەندییەکەی توند و تۆڵی هەیە لەگەڵ دەوحەدا و هەروەها پەیوەندییەکانیشی دەپارێزێت لەگەڵ سعودیەدا، ئەردۆگان وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەی نارد بۆ قەتەڕ لە هەوڵیدا بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان کە بۆتە جێی نیگەرانی هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دەرەوەش.
شایەنی باسە هەریەک لە سعودیە و ئیمارات و بەحرەین و میسڕ پەیوەندییەکانیان لەگەڵ قەتەڕدا بڕی و بە تۆمەتی پشتیوانیکردن لە تیرۆر و ئێران تۆمەتباریان کرد و هەروەها سزاشیان سەپاند بەسەریدا، قەتەڕیش هەموو ئەو تۆمەتانە ڕەت دەکاتەوە و دەڵێت دوورن لە ڕاستییەوە.
ئیبراهیم کالینی وتەبێژی ئەردۆگان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا وتی " کاری سەرەکیمان لەمیانەی هەوڵەکانماندا لەگەڵ هەریەک لە سعودیە و وڵاتانی دیکەی کەنداوی عەرەب ئەوەیە لەڕێی گفتوگۆوە ئەم ناکۆکییانە چارەسەر بکەین نەوەک ناکۆکیەکان ئاڵۆزتر بکەین."
وتیشی " ئێمە دەبێت ئەمڕۆ ڕووبەڕووی کێشەیەکی زۆر ببینەوە وەکوو داعش و جەنگی بەردەوامی سوریا و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و هەژاری، لەنێو هەموو ئەم کێشانەدا ئەو ناکۆکییانەی کە دروست بوون هیچ سوودێکیان نابێت و تەنها ڕەوشەکە ئاڵۆزتر دەکەن."
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز