Accessibility links

کەناڵێکی تورکی: تورکیا فەرمان بە دەستگیرکردنی 249 کارمەندی وەزارەتی دەرەوە دەکات


فەتحوڵا گولەن

کەناڵی تەلەفیزیۆنی ئێن تی ڤی تورکی وتی بەرپرسانی تورکیا فەرمانی دەستگیرکردنی 249 کارمەندی وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکەیان داوە بەهۆی گومانی ئەوەی پەیوەندییان هەیە بە تۆڕەکەی سەر بە کەسایەتی ئاینی تورکی فەتحوڵە گولەن کە ئەنقەرە تۆمەتباری کردووە بە تۆمەتی پلانگێڕان بۆ هەوڵی کودەتاکەی ساڵی 2016 ی تورکیا.

بەرپرسانی تورکی لە دوای هەوڵی کودەتاکەوە هەڵمەتی دەستگیرکردنەکانیان دەست پێکردووە و ئەو کەسانە دەستگیر دەکەن کە پێیان وایە شوێنکەوتووی گولەنن کە لە ساڵی 1999 ەوە لە پێنسلڤەینیای ئەمەریکا دەژی. لەلای خۆیەوە گولەن ڕەتی دەکاتەوە دەستی هەبووبێت لە هەوڵی کودەتاکەدا.

کەناڵەکە ئاماژەشی بەوەدا ئۆفیسی دادوەری گشتی لە ئەنقەرە ڕایگەیاندووە فەرمانی کردووە بە دەستگیرکردنی 249 کارمەندی وەزارەتی دەرەوە دوای ئەوەی لێکۆڵینەوەکان ئاماژەیان بەوە کردووە ئەم کەسانە پێشێلکارییان کردووە لە تاقیکردنەوەکاندا بۆ وەرگرتنیان لە وەزارەت.

وتیشی پۆلیس تا ئێستا 78 گومانلێکراوی دەستگیرکردووە لە 43 هەرێمی تورکیادا و بەدوای ئەوانی دیکەشەوەن.

لە دوای هەوڵی کودەتاکەوە بەرپرسانی تورکیا زیاتر لە 77 هەزار کەسیان دەستگیرکردووە و لە چاوەڕێی دادگاییکردنەکانیاندان، هەروەها 150 هەزار کەسیشیان لە کارەکانیان دوورخستۆتەوە کە کارمەند و سەرباز و ئەفسەریان تێدایە.

کۆمەڵانی بەرگریکار لە مافەکانی مرۆڤ و ڕۆژئاوا نیگەرانی خۆیان دەربڕیوە سەبارەت بەم هەڵمەتی دەستگیرکردنانەی تورکیا و دەڵێن رەجەب تەیب ئەردۆگان هەوڵی کودەتاکە وەکو بیانوویەک بەکاردەهێنێت بۆ لەناوبردنی ئۆپۆزسیۆن لە تورکیادا.

حکومەتیش دەڵێت ئەو ڕێوشوێنانە پێویستن بەهۆی ئەو مەترسیانەوە کە وڵاتەکە ڕووبەڕوویان دەبێتەوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG