Accessibility links

تورکیا 54 کارمەندی پێشووی زانکۆیەک دەستگیر دەکات بەهۆی پەیوەندییان بە گولەنەوە


دەزگای هەواڵی ئەنادۆڵی تورکیا ڕایگەیاند پۆلیس 54 کارمەندی پێشووی زانکۆیەکی دەستگیرکردووە کە دوای هەوڵی کودەتاکە ئەو زانکۆیە داخراوە.

دەزگاکە وتی پۆلیس فەرمانی دەستگیرکردنی 171 کەسی ئەکادیمی و کارمەندی پێیە لە زانکۆی فاتیح لە ئینستەنبوڵ بەهۆی ئەوەی کە پەیوەندییان هەبووە بە گولەنەوە. کەسایەتی ئاینی تورکیا فەتحوڵا گولەن تۆمەتبار کراوە بەوەی پلانی بۆ کودەتا سەرنەکەوتووەکەی ساڵی ڕابردووی تورکیا داڕشتووە و ئەویش هەموو ئەو تۆمەتانە ڕەت دەکاتەوە.

بەپێی یاسایەک دوای کودەتاکە ئەو زانکۆیە داخرا. دەزگای هەواڵی ئەنادۆڵ وتی ئاشکرا بووە کە کارمەندانی زانکۆکە بەرنامەی بایلۆکیان بەکارهێناوە بۆ نامە ناردن کە بەرپرسانی حکومەتی تورکیا دەڵێن ئەو بەرنامەیە زۆر باوە لەنێو ئەو کەسانەدا کە پەیوەندیان بە گولەنەوە هەیە.

جێی ئاماژەیە لە دوای کودەتاکەی ساڵی ڕابردووەوە زیاتر لە 50 هەزار کەس دەستگیرکراون و چاوەڕێی دادگاییەکانیان، لەنێو دەستگیرکراوەکانیشدا کارمەندی حکومی و مامۆستا و ئەندامانی ئاسایشی تێدایە. هەروەها نزیکەی 150 هەزار کەسی دیکەش لە کارەکانیان دوورخراونەتەوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG