Accessibility links

داواکانی تورکیا لە سوید و فینلەندا


وەزیری دەرەوەی تورکیا مەولود چاوش ئۆغلۆ وتی دەبێت سوید و فینلەندا چیتر پشتیوانی لەو گروپە چەکدارییانە نەکەن کە تورکیا بە تیرۆریست ناساندوونی و گرەنتییەکی ڕوونی ئاسایش بدەن و قەدەغەکردنی هەناردەکردنی کەلوپەلی سەربازیی لەو وڵاتانەوە بۆ تورکیا لاببەن، ئەمەش لەکاتێکدایە ئەو دوو وڵاتە هەوڵی چوونە پاڵ هاوپەیمانێتی ناتۆ دەدەن.

دوای کۆبوونەوەکەی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەندام لە هاوپەیمانێتی ناتۆدا، وەزیری دەرەوەی تورکیا مەولود چاوش ئۆغلۆ وتی لەگەڵ هاوتا سویدی و فینلەندییەکەیدا کۆبۆتەوە و سەرجەمییان هەوڵی ئەوەیان داوە تاوتوێی نیگەرانییەکانی تورکیا بکەن.

ئۆغلۆ وتی تورکیا نایەوێت هەڕەشە لە هیچ کەسێک بکات، بەڵام بەتایبەتی باس لە پشتیوانییەکانی سوید دەکات بۆ پەکەکە، کە لەلایەن تورکیا و یەکێتی ئەوروپا و ئەمەریکاوە وەکو گروپێکی تیرۆریست ناسێندراوە.

ڕۆژی یەکشەممە فینلەندا ڕایگەیاند داوا دەکات بچێتە پاڵ هاوپەیمانێتی ناتۆ و پێشبینی دەکرێت سویدیش بە هەمان شێوە داوای ئەندامێتی بکات لە هاوپەیمانێتییەکەدا، ئەوەش وەکو وەڵامێک بۆ داگیرکارییەکەی ڕووسیا لە ئۆکرانیا.

جێی ئاماژەیە هەر بڕیارێک لەسەر فراوانکردنی ناتۆ دەبێت سەرجەم 30 وڵاتەکەی ئەندام لە هاوپەیمانێتییەکەدا پەسەندی بکەن.

ئۆغلۆ لە بەرلین بە ڕۆژنامەنووسانی وت " لێرەدا بەدڵنیاییەوە دەبێت گرەنتی ئاسایش هەبێت. دەبێت چیتر پشتیوانی لە ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان نەکەن." ئاماژەشی بەوەدا دەبێت سوید و فینلەندا کۆتایی بهێنن بە قەدەغەکردنی هەناردەکردنی هەندێک لە کەلوپەلەکانیان لە کەرتی بەرگریدا بۆ تورکیا.

وتی " هەڵوێستمان زۆر کراوە و ڕوونە. ئەمە هەڕەشە نیە. ئەمە گفتوگۆ نیە هەوڵ بدەین بۆ بەرژەوەندی خۆمان سوودی لێوەربگرین."

وتیشی " ئەمە پۆپەلیسمیش نیە. ئەمە بەدیاریکراوی سەبارەت بەوەیە ئەو دوو وڵاتە کە ئەگەری هەیە ببنە ئەندام لە هاوپەیمانێتی ناتۆ ' پشتیوانی لە تیرۆر ' دەکەن، ئەمە تێبینی ئێمەیە، ئەمە ئەوەیە کە باسمان کردووە."

ڕۆژی هەینی سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان وڵاتانی ناتۆ و سوید و فینلەندای توشی سەرسوڕمان کرد کاتێک وتی تورکیا پشتیوانی لە فراوانبوونی ناتۆ ناکات بەوەی کە ئەو دوو وڵاتە " ماڵی زۆرێک لە ڕێکخراوە تیرۆریستییەکانن." بەڵام ڕۆژی شەممە وتەبێژەکەی وتی تورکیا دەرگاکەی دانەخستووە.

ئۆغلۆ دووبارە جەختی لەوە کردەوە تورکیا کە 70 ساڵە ئەندامە لە ناتۆدا، دژایەتی سیاسەتی دەرگا کراوەیی هاوپەیمانێتیەکە ناکات.

وتی گفتوگۆکان لەگەڵ وەزیرانی دەرەوەی سوید و فینلەندادا باش بوون و پێشنیاری کۆمەڵێک شتیان کردووە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ نیگەرانییەکانی تورکیادا. وتیشی بەڵگەی داونەتێ لەسەر ئەوەی تیرۆریست لە وڵاتەکانیاندا دەژین.

ئۆغلۆ دووبارە ئاماژەی بەوەدا سوید بێڕێزی بەرامبەر هەڵوێستی تورکیا کردووە و لە کۆتایی هەفتەی ڕابردوودا کۆبوونەوەیەکی پەکەکە لە سوید بەڕێوەچووە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG