تورکیا دوای گفتوگۆکانی ڕۆژی دووشەممە لە بڕۆکسل وتی گفتوگۆکانی تورکیا لەگەڵ سوید و فینلەندا سەبارەت بە هەوڵەکانی ئەو دوو وڵاتە بۆ چوونە پاڵ هاوپەیمانێتی ناتۆ بەردەوام دەبێت و کۆبوونەوەکەی هەفتەی داهاتووی ناتۆ لە مەدرید دوا وادە نابێت.
وەکو وەڵامێک بۆ داگیرکارییەکەی ڕووسیا لە ئۆکرانیا، سوید و فینلەندا بە فەڕمی داوای ئەندامێتییان کردووە لە هاوپەیمانێتی ناتۆدا، بەڵام تورکیا دژایەتی هەوڵەکانیان دەکات. ئەوەش بەهۆی ئەوەوە تورکیا دەڵێت سوید و فینلەندا پشتیوانی لە هێزە کوردییەکانی ناو سوریا دەکەن و هەناردەکردنی چەکیان بۆ تورکیا قەدەغە کردووە.
هەفتەی ڕابردوو تورکیا وتی ئەو نوسراوانەی کە لە سوید و ناتۆوە بەدەستی گەیشتوون سەبارەت بە داواکانی تورکیا زۆر دووربوون لە پێشبینییەکانی ئەنقەرەوە، وتیشی هەر گفتوگۆیەک ئەنجام بدرێت دەبێت سەرەتا تیایدا باس لە نیگەرانییەکانی تورکیا بکرێت.
وتەبێژی سەرۆکایەتی تورکیا ئیبراهیم کالین لە بڕۆکسل بە ڕۆژنامەنووسانی وت ئەنقەرە پێشبینی کردووە سوید دەستبەجێ هەنگاو بنێت سەبارەت بە کارەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان لە وڵاتەکەیدا.
کالین وتی ئێستا هەر بەرەوپێشچوونێک لە هەوڵەکانی سوید و فینلەندادا بۆ چوونە پاڵ ناتۆ " پەیوەست دەبێت بەوەوە ئەم وڵاتانە بە چی ئاڕاستە و خێراییەک هەنگاو دەنێن."
وتیشی گفتوگۆکانی بڕۆکسل لەگەڵ بەرپرسانی سوید و فینلەندا و ناتۆدا " لە کەشێکی کراوە و دڵسۆزانەدا " بەڕێوەچوون.
وتیشی " کاتێک ئەم هەنگاوانە دەبینین، هەموومان دەرفەتێکمان دەبێت هەڵسەنگاندن بۆ ئاڕاستەی ئەم پڕۆسەیە بکەین."
جێگری وەزیری دەرەوەی تورکیا سیدات ئۆناڵ کە لەگەڵ کالیندا بوو لە بڕۆکسل وتی تورکیا پێشبینی دەکات سوید و فینلەندا هەوڵەکانیان بگۆڕن، ئەنقەرەش پێویستی بە " بەڵێنی پابەندکەر " هەیە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ نیگەرانییەکانیدا.
وتی " خۆمان لە چوارچێوەی خشتەیەکی کاتدا نابینینەوە. خێرایی و فراوانی ئەم پڕۆسەیە پەیوەستە بە هەڵسوکەوتی ئەم وڵاتانە و خێرایی بەدیهێنانی پێشبینییەکانمانەوە."
ڕاوێژکاری ئاسایش و دەرەوەی سەرۆکی فینلەندا پێتری هاکاراینین کە ڕابەرایەتی شاندەکەی فینلەنداش دەکات لە گفتوگۆکاندا لە بڕۆکسل، وتی لایەنەکان " بەرەوپێشچوونێکی ئاشکرایان " کردووە لە کۆمەڵێک بابەتی دیاریکراودا، بەڵام گەیشتن بە تێگەیشتنێک لەسەر بابەتەکانی دیکە پێویستی بە کاتە.
ڕابەرانی وڵاتانی ناتۆ لە 30-29 ی مانگی شەشدا لە مەدریدی پایتەختی ئیسپانیا کۆدەبنەوە. هەر وڵاتێکیش بیەوێت ببێتە ئەندام لە هاوپەیمانێتی ناتۆدا دەبێت سەرجەم 30 ئەندامەکەی ناتۆ پەسەندی بکەن. ماوەی زیاتر لە 70 ساڵە تورکیا ئەندامە لە هاوپەیمانیتی ناتۆدا و دووەم گەورەترین سوپای هاوپەیمانێتییەکەیە.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز