Accessibility links

تورکیا دەڵێت شارەزا و ڕاوێژکاری سەربازیی ڕەوانەی لیبیا دەکات


وەزیری دەرەوەی تورکیا مەولود چاوش ئۆغلۆ وتی تورکیا شارەزایانی سەربازیی و تیمێکی تەکنیکی ڕەوانەی لیبیا دەکات بەمەبەستی پشتیوانیکردن لە حکومەتی لیبیا، ئەمەش ڕۆژێک دوای ئەوەی سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆگان وتی یەکە سەربازییەکانی وڵاتەکەی بەرەو تەڕابلس دەجوڵێن.

سەرۆکی حکومەتی ویفاقی نیشتیمانی لیبیا فائیز سەڕاج مانگی ڕابردوو داوای پشتیوانی کرد لە تورکیا لەکاتێکدا حکومەتەکەی بەرپەرچی هێرشەکانی هێزەکانی ڕۆژهەڵاتی لیبیا ( سوپای نیشتیمانی لیبیا ) دەداتەوە، هێزە کانی ڕۆژهەڵاتی لیبیا خەلیفە حەفتەر ڕابەرایەتیان دەکات و هەریەک لە وڵاتانی ڕوسیا و میسڕ و ئیماڕات و ئەردەن پشتیوانی لێدەکەن.

ڕۆژی یەکشەممە ئەردۆگان وتی یەکە سەربازییەکانی تورکیا دەستیان کردووە بە جوڵەکردن بۆ لیبیا بۆ پشتیوانیکردن لە حکومەتی لیبیا. چاوش ئۆغلۆش وتی تورکیا شارەزا و ڕاوێژکاری سەربازی و تیمێکی تەکنیکی ڕەوانەی لیبیا دەکات بەپێی ئەو ڕێکەوتنە سەربازییەی کە تورکیا و حکومەتی لیبیا لە مانگی یانزەدا واژۆیان کرد.

هەفتەی ڕابردوو پەرلەمانی تورکیا پڕۆژە یاسای ڕەوانەکردنی هێزی سەربازی بۆ لیبیا پەسەند کرد. چاوش ئۆغلۆ وتی " حکومەتی تورکیا بە ڕابەرایەتی سەرۆک بڕیار دەدات کەی و چۆن ئەمە ڕوودەدات."

ڕۆژی یەکشەممە سعودیە سەرکۆنەی دەستوەردانی تورکیای کرد لە کاروباری لیبیادا و وتی ئەوە پێشێلکردنی بڕیارەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتییە.

جێی ئاماژەیە نەتەوە یەکگرتووەکان قەدەغەی کردووە هیچ وڵاتێک چەک بدات بە لایەنەکانی جەنگی ناوخۆی لیبیا، بەڵام تاوەکو ئێستا کۆمەڵێک وڵات ئەو یاسایەیان پێشێلکردووە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG