بەردان ئوزتورک هاوسەرۆکی کۆنگرەی کۆمەڵگەی دیموکراتیک (کەجەدە) ئەمڕۆ هەینی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی لە شاری ئامەد جەختی لەسەر یەکگرتووی ماڵی کورد کرد و گوتی ئەمە خواستێکی چەندان ساڵانەی گەلی کوردە و ئێستا هەموو هێز و پارتە کوردیـیەکان ئاواتیان ئەوەیە ئەم یەکگرتنە سەربگرێت.
جێی ئاماژەیە ڕۆژی چوارشەممە پـێنج پارتی کوردستانی لە تورکیا ڕێکەوتن بە یەک لیست بەشداری لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی و سەرۆکایەتی تورکیا بکەن.
پارتی ئازادی کوردستان و پارتی سۆسیالیستی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستانی- تورکیا و پارتی دیموکراتی کوردستان- باکور و بزوتنەوەی ئازادی هەرپـێنجیان ڕێکەوتن کە لیستێک پـێکبهێنن لە ژێر ناوی "یەکێتی کورد".
گوتیشیان دەرگایان کراوەیە تاوەکو پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) و پارتی دۆزی ئازادی "هوداپار" بێنە نێو هاوبەندیـیەکەیانەوە.
بەردان ئوزتورک لە درێژەی کۆنگرە ڕۆژنامەوانیـیەکەی گوتیشی هەمیشە پارتەکانی دەسەڵات لە تورکیا ڕێکەوتوون لەسەر پشتگوێخستنی ناسنامە و مافەکانی گەلی کورد و دەیانەوێت کورد لە دەرەوەی بازنەی سیاسیدا بمێنێتەوە و دابەشی بکەن بەسەر کوردی باش و کوردی خراپ.
هەروەها گوتی "تورکیا نەک تەنیا لە دژی مافەکانی کوردی تورکیایە، بەڵکو دەستکەوتەکانی باشور و ڕۆژئاوای کوردستانیش قبوڵ ناکات، ئەمەش زۆر ڕوون و ئاشکرایە و بەڵگەش بۆ ئەمە، هەڵوێستیان بەرامبەر ڕیفراندۆم و شاری کەرکوک لە باشور و مەسەلەی عەفرین لە ڕۆژئاوا."
خەجیجان فارقین پەیامنێری دەنگی ئەمەریکا لە ئامەد ڕاپـۆرتێکی لەم بارەیەوە ناردووە.