Accessibility links

نێچیرڤان بارزانی لە چاوی ئانکەرەدا


نیچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا، 23 ی مانگی یازدەی 2016 (ئەرشیفی وێنە)
نیچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا، 23 ی مانگی یازدەی 2016 (ئەرشیفی وێنە)

ئانکەرە پێشبینی دەکات کێ جێی مەسعود بارزانی سەرۆکی پێشووی هەرێمی کوردستانی عێراق دەگرێتەوە. پەیوەندییەکانی نێوان ئانکەرە و کوردی عێراق، کە ڕۆژێک لە ڕۆژان زۆر نزیک بوون لە یەکتر، ئێستا کەوتۆتە ئاڵۆزی بەهۆی ئەو ڕیفراندۆمەی بارزانی بۆ سەربەخۆیی کردی.

بەڵام وەک دۆریان جۆنز پەیامنێری دەنگی ئەمریکا لە تورکیاوە دەڵێت پێدەچێت ئانکەرە چاوی لەسەر برازاکەی مەسعود بارزانی بێت تا ببێتە جێگرەوە نمونەییەکەی.

ئانکەرە خۆشحاڵی خۆی بە ئاشکرایی دەرنەبڕی بەرامبەر بە بڕیاری دەست لەکار کێشانەوەکەی رۆژی یەکشەممەی ڕابردووی بارزانی.

سەرۆکی تورکیا هێرشی زۆری کردە سەر مەسعود بارزانی بەهۆی ڕیفراندۆمەکەی ڕۆژی 25 ی مانگی نۆ کردی، کە ئانکەرە ترسی هەیە لەوەی کوردەکانی وڵاتەکەی داوای هاوشێوە بکەن.

لە کۆنفرانسە ڕۆژنامەوانییە هەفتانەییەکەیدا ئیبراهیم کاڵن، دەمڕاستی سەرۆکایەتی تورکیا نەیشاردەوە کە ئانکەرە چاوی لەوەیە کێ ڕابەرایەتی بەرەوپێشچوونەکانی کوردی عێراق دەکات.

کاڵن دەڵێت دیمەنێکی نوێ دەردەکەوێت پاش ئەوەی گەڕی سەرۆکایەتییەکەی مەسعود بارزانی درێژ ناکرێتەوە و دەسەڵاتەکانی دەگوێزرێنەوە بۆ نێچیرڤان بارزانی.

نێچیرڤان بارزانی برازای مەسعود بارزانی سەرۆکی پێشووی هەرێمی کوردستانە و لەلایەن ئانکەرەوە وەک ڕێبەری نمونەیی ئایندەی هەرێم لێی دەڕوانرێت.

نێچیرڤان بەردەوام سەردانی ئانکەرەی کردووە و پەیوەندییەکی نزیکیشی لەگەڵ ئەردۆغاندا دروستکردووە.

ساردوسڕییەکەی نێچیرڤان بارازانی سەرەک وەزیری حکومەتی هەرێم لەسەر دۆسێی ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی، پێدەچێت لە ئانکەرە کارتی متمانە پێی بەهێزکردبێت.

پەیوەندییە نزیکەکانی نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ ئانکەرە، بەپێی ڕاپۆرتەکان درێژبۆتەوە بۆ کارداری و وەگەڕخستنێکی بەرچاوی سەرمایە لە تورکیادا.

شیکەرەوە دەڵێن ڕێبەرانی تری سیاسی تورکیا وەها سەیری نێچیرڤان دەکەن کە هاوسۆزن لەگەڵیدا بۆ ئەو داوای یارمەتیانەی دەیکات بۆ شەڕی دژی سەرهەڵداوانی کورد (پارتی کرێکارانی کوردستان-پەکەکە) کە بە گشتی ژمارەیەک بنکەی لە هەرێمی کوردستانی عێراق هەیە.

ئایدن سێلجان، دیپلۆماتی پێشووی تورکیا (کونسوڵخانەی تورکیای لە هەرێمی کوردستان دامەزراند) دەڵێت "دەزانین پەیوەندییەکانی نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ ئانکەرەدا باشترینە بە بەراورد لەگەڵ کەسایەتییە سیاسییەکانی تردا، جا ئەمە وەک پەرەسەندنێکی پێشوازی لێکراو دەبینرێت لەلایەن ئانکەرەوە، لە ڕوانگەی ڕاگەیاندنەکەی بەڕێز مەولودەوە (وەزیری دەرەوەی تورکیا) وەک هەڵوێستی فەرمی ئانکەرە وەهایە کە بە دۆسێیەکی سیاسیانەی ناوخۆیی هەرێمی کوردستانی عێراق ناودێری دەکات، جا بۆیە ئانکەرە کاردانەوەیەکی فەرمیانەی نابێت بۆ ئەم پەرەسەندنە."

وێڕای پەیوەندییە نزیکەکانی نێچیرڤان لەگەڵ ئانکەرەدا، بەڵام سەرۆکی تورکیا بۆچەند مانگێکە کۆبوونەوەی لەگەڵدا ڕەتکردۆتەوە وەک چۆن لەگەڵ ڕێبەرانی تری کوردی عێراقدا کۆنەبۆتەوە وەک بەرەنجامێک بۆ خراپی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولایان.

بەڵام کاڵن، دەمڕاستی سەرۆکایەتی تورکیا دەڵێت لە ئێستادا تاووتوێی داواکارییەکی ئایندەیی سەرەک وەزیری هەرێمی کوردستان دەکرێت و ئەمەش دەکەوێتە سەر ئەو مەرجانەی بۆ کوردی عێراق دیاردەکرێن.

ئانکەرە داوا لە سەرکردایەتی کوردی عێراق دەکات ڕیفراندۆمەکەی هەڵبوەشێنێتەوە کە لە سەدا نەوت و سێی بەشداربووان دەنگیان بە سەربەخۆیی و جیابوونەوە داوە لە عێراق.

XS
SM
MD
LG