دادگای دەستوری تورکیا ڕەتیکردەوە پـیاداچوونەوە بکات بە بڕیاری پەرلەمانی وڵاتەکەی بۆ سەندنەوەی مافی پەرلەمانتاری لە عومەر فاروق گەرگەرلیئۆغڵو، ئەندامی هەدەپە.
ئاژانسی دەنگوباسی ئانادۆڵوی نیمچە فەرمی تورکیا ئەمڕۆ چوارشەممە ڕایگەیاند دادگای دەستوری کە بەرزترین دەزگای دادوەریـیە لە تورکیا، ڕەتیکردەوە سەیری داواکەی عومەر فاروق گەرگەرلیئۆغڵو بکات بۆ پـیاداچوونەوە بە بڕیاری پەرلەمانی تورکیا بۆ سەندنەوەی ئەندامێتی لێی. دادگاکە لە وەڵامدا وتویەتی ئەوە کاری ئەو نیـیە.
ئەم هەڵوێستەی دادگای دەستوری پاش هەفتەیەک دێت لەوەی عومەر فاروق گەرگەرلیئۆغڵو داواکەی بۆ ڕەوانەکردبوو.
لە ئێستادا ئەم پەرلەمانتارەی هەدەپە کە پارتەکەشی لە بەردەم هەڕەشەی داخستندایە، بە نیازە کەیسەکەی بخاتە بەردەم دادگای ئەوروپا بۆ مافەکانی مرۆڤ کە بارەگاکەی لە ستراسبێرگی فەرەنسایە.
پەرلەمانی تورکیا لە 17 ی مانگی سێ بڕیاری سەندنەوەی مافی پەرلەمانتاری لە عومەر فاروق دا کە لە ساڵی 2018 حوکمی ساڵێک و 10 مانگ زیندانی بۆ دەرچوو بە تۆمەتی بڵاوکردنەوەی پـرۆپاگەندەی تێرۆرستی لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتیـیەکان لە ساڵی2016 دا.