Accessibility links

تورکیا داوا لە سعودیە دەکات لیستی داواکارییەکانی سەر قەتەڕ لاببات


بەرپرسێکی گەورەی تورکیا لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفیزیۆنیدا داوای لە سعودیە و سێ وڵاتەکەی تر کرد 13 داواکارییەکەی سەر قەتەڕ لاببەن و وتیشی ئەوە پێشێلکاریی مافی قەتەڕە.

لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفیزیۆنی قەتەڕیدا پێش سەردانەکەی هەفتەی داهاتوویی سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆگان بۆ کەنداو، نەعمان قورتولموشی جێگری سەرۆک وەزیری تورکیا ئیماراتیشی ئاگادارکردەوە و وتی ناکۆکییەکان تەنها ناکۆکیی تریان لێدەبێتەوە و ئەنجامەکەشی چاەڕوان نەکراو دەبێت.

شایەنی باسە تورکیا لە سەرەتای ناکۆکییەکانی نێوان قەتەڕ و چوار وڵاتە عەرەبییەکەوە پشتیوانی لە قەتەڕ کردووە کاتێک سعودیە و ئیمارات و بەحرەین و میسڕ سزایان سەپاند بەسەر قەتەڕدا بە تۆمەتی پشتیوانیکردن لە تیرۆر تۆمەتبارییان کرد و هەروەها 13 داواکارییان ئاڕاستەی قەتەڕ کردووە، لە داواکارییەکاندا هاتووە دەبێت قەتەڕ کەناڵی ئەل جەزیرە دابخات و هەروەها بنکە سەربازییەکەی تورکیاش لە قەتەڕ دابخات.

لەلای خۆشییەوە قەتەڕ هەموو ئەو تۆمەتانە ڕەت دەکاتەوە بەڵام دەڵێت ئامادەیە دانوستاندن ئەنجام بدات و هەروەها گفتوگۆ لەسەر تۆمەتەکان بکات.

قورتولموش وتی " سەرۆکی تورکیا گوێ لە هەردوولا دەگرێت، سعودیەش دەبێت واز لە 13 داواکارییەکەی بهێنێت و چاوی پێدا بخشێنێتەوە. قەتەڕیش دەبێت هەڵوێستێکی ئەرێنی هەبێت سەبارەت بەوە و دەرگا بکاتەوە لەبەردەم قۆناغەکانی گفتوگۆکردن و لەوانەشە تورکیا ببێتە نێوەندگیرێک بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان."

قورتولموش وتی ناکۆکییەکان چارەسەری هەیە و ئەردۆگانیش هەوڵدەدات یارمەتی پێشکەش بکات بۆ چارەسەرکردنی.

وتیشی " ئیماراتیش دەبێت هەڵوێستێکی ئاشتیانەی هەبێت و هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکان بدات کە لەبەرژەوەندی خۆیایەتی ئەگەر نا هەموو ناکۆکیەک ناکۆکییەکی دیکەی لێدەبێتەوە و کەسیش نازانێت دەرئەنجامەکانی چۆن دەبن."

سەبارەت بە بنکە سەربازییەکەی تورکیاش لە قەتەڕ ، جێگری سەرۆک وەزیری تورکیا وتی تورکیا هیچ پلانێکی نیە بۆ داخستنی ئەو بنکە سەربازییە و ناردنی هێزی تورکیا بۆ بنکە سەربازییەکە هیچ وڵاتێکی دراوسێی قەتەڕ ناکاتە ئامانج.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG