Accessibility links

دارمەنین بۆ تورکیا: دەست لە کاروباری ناوخۆی فەرەنسا وەرمەدەن


جێراڵد دارمەنین وەزیری ناوخۆی فەرەنسا وتی تورکیا نابێت دەست لە کاروباری ناوخۆی فەرەنسا وەربدات.

قسەکانی دارمەنین دوای لێدوانەکەی سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان بوو کە تیایدا داوای بایکۆتکردنی کاڵای فەرەنسایی کردبوو و هەروەها باسی لەوە کرد سەرۆکی فەرەنسا ئیمانۆئێل ماکرۆن ئەجەندای "دژە ئیسلام" ی هەیە.

تێبینیەکانی ئەردۆغان ڕۆژی دووشەممە دوای دوایین دەربڕینی توڕەیی موسڵمانان بوو لە جیهاندا لەسەر ئەو چەند وێنەیە کە لە فەڕەنسا لە بارەی پێغەمبەرەوە بڵاوکرانەوە و هەندێک لە موسڵمانان بە کوفری دەزانن.

ئەردۆغان هەروەها وتی باری دەروونی ماکرۆن تەواو نییە و ئەوەش بووە هۆی ئەوەی کە پاریس باڵیۆزەکەی لە ئەنکەرە بانگبکاتەوە.

دارمەنین رۆژی سێشەمە بە ڕادیۆ فرانس ئێنتێری ڕاگەیاند و وتی " ئەمە دەبێت هەر یەکێک لە ئێمە شۆک بکات کە هێزە بیانییەکان دەست لە کاروبار و ئەو ڕووداوانە وەردەدەن کە لە ناو فەرەنسا ڕوودەدەن."

قسەکانی دارمەنین ئاماژە بوو بە وڵاتی پاکستان و تورکیا کە پەرلەمانتارەکانیان پرۆژە یاسایەکیان پەسەندکرد کە تیایدا داوا لە حکومەت دەکرێت نوێنەری وڵاتەکەیان لە فەرەنسا بکێشننەوە.

دارمەنین ئەوەشی وت "نابێت تورکیا دەست لە کاروباری ناوخۆی فەرەنسا وەربدات."

ئەم کێشانە دوای هێرشەکەی شانزەی مانگی دە سەری هەڵدا کاتێک پیاوێکی بە ڕەچەڵەک چیچانی لە دەرەوەی قوتابخانەیەکی فەڕەنسا مامۆستایەکی سەربڕی. سامۆئێل پەتی مامۆستایەک بوو لە وانەیەکیدا لەسەر ئازادی ڕادەربڕین کارتۆنی لەسەر پـێغەمبەر موحەمەد بە قوتابییەکان نیشان دابوو .

سەرۆک ئیمانۆئێل ماکرۆن ڕۆژی دووشەممە چاوی بە نوێنەرانی کۆمەڵگەی موسڵمانی فەڕەنسا کەوت و بەڵێنی دا کە بەرەنگاری "جوودایی خوازانی ئێسلامی" ببێتەوە و وتی ئەوە هەڕەشەیەک بوو بۆ کونتڕۆلکردنی بەشێک لە کۆمەڵگەی موسڵمانان لە فەڕەنسا.


سەرچاوە / ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG