Accessibility links

وەزیرێکی تورکیا: پێویستە لەسەر فەڕەنسا لەنێوان و تورک و کوردەکاندا هەڵبژێرێت


تورکیا فەڕەنسای ئاگادار کردەوە و پێی وت دەبێت ئەو لایەنە هەڵبژێرێت کە دەیەوێت ببێتە هاوپەیمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڕێکخراوی داعش لە سوریادا، هەروەها داوای لێکرد ئەوەی پێویستە بیکات بۆ ئەوەی کوردە چەکدارەکانی سوریا ناوچەی مەنبەجی باکووری سوریا جێبهێڵن.

جێی ئاماژەیە لە هەفتەکانی ڕابردوودا پەیوەندییەکانی نێوان فەڕەنسا و تورکیا گرژی تێکەوت، دوای ئەوەی فەڕەنسا ڕەخنەی لە ئەرکە سەربازییەکەی تورکیا گرت لە باکووری سوریا دژی یەکینەکانی پاراستنی گەلی کورد.

لە 30 ی مانگی سێدا ئەو گرژییانە دەرکەوتن، ئەوەش دوای ئەوەی سەرۆکی فەڕەنسا ئیمانوێل ماکرۆن چاوی بە شاندێکی یەکینەکانی پاراستنی گەلی کورد و باڵە سیاسییەکەی حیزبی یەکێتی دیموکراتی کەوت، لەو کۆبوونەوەیەدا ماکرۆن جەختی لە پشتیوانی خۆی کردەوە بۆ یەکینەکان و یارمەتیدانیان لە خستنەوەی ئاشتی و سەقامگیری لە باکووری سوریادا و هەروەها پشتیوانیکردنیان لە بەرەنگاربوونەوەی داعشدا.

وەزیری تورکیا بۆ کاروباری ئەوروپا عومەر جەلیک لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرزدا دوای کۆبوونەوەکەی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا ژان ئیڤ لۆدغیاندا وتی " هاوپەیمانەکانمان پێویستە ئەوە هەڵبژێرن کە لە پاڵ تورکیادا بن لە بەرەنگاربوونەوەی ڕێکخراوی داعشدا نەوەکو پشتیوانی لە حیزبی یەکێتی دیموکراتی " یەکینەکانی پاراستنی گەلی کورد" بکەن."

وتیشی " ویستم دڵنیاببمەوە لەوەی پێشبینی ئەوە نەکەین فەڕەنسا شتێک بکات هانی یاخوود پشتیوانی لە یەکینەکان بکات."

هەروەها هەموو ئاماژەکانی ڕەت کردەوە سەبارەت بە ڕۆڵی فەڕەنسا وەکو نێوەندگیرێک و وتی پاریس دەبێت بزانێت گروپە کوردییەکانی سوریا هیچ جیاوازییەکیان نیە لەگەڵ حیزبی کرێکارانی کوردستاندا.

جەلیک وتی " وتوومە هەر پێشکەشکردنی یارمەتییەک بۆ یەکینەکانی پاراستنی گەلی کورد پشتیوانیکردنە لە تیرۆر."

جێی ئاماژەیە فەڕەنسا وەکو ئەمەریکا چەک و مەشقی داوە بە یەکینەکانی پاراستنی گەل لە شەڕیاندا دژی ڕێکخراوی داعش، هەروەها دەیان ئەندامی هێزە تایبەتییەکانی ئەمەریکای هەیە لە ناوچەکەدا.

ئەندامێکی حیزبی یەکێتی دیموکرات هەفتەی ڕابردوو لە پاریس وتی ماکرۆن بەڵێنیداوە هێزی زیاتر بنێرێت بۆ باکووری سوریا و یارمەتی مرۆیی پێشکەش بکات و فشار بکات بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی سیاسی."

سەرۆکایەتی فەڕەنسا هەواڵەکەی پشت ڕاستنەکردەوە بەڵام سەرچاوەیەکی نزیک لە سەرۆکایەتی فەڕەنساوە وتی فەڕەنسا دەکرێت هێزە سەربازییەکانی لە سوریادا زیاد بکات ئەوەش لە چوارچێوەی هاوپەیمانێتی دژی داعشدا کە ئەمەریکا سەرکردایەتی دەکات.

وەزارەتی دەرەوەی فەڕەنساش لە بەیاننامەیەکدا بەردەوامبوونی نیگەرانیەکانی دەربڕی سەبارەت بە ئەرکە سەربازییەکەی تورکیا لە ناوچەی عەفرین.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی فەڕەنسا ئانیس ڤۆن دێر مۆل وتی " وەزیری دەرەوە جەختی لەسەر ئەوە کردۆتەوە کە ئەرکە سەرەکییە هاوبەشەکەمان دەبێت هەر شکست پێهێنانی تەواوەتی ڕێکخراوی داعش بێت."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG