Accessibility links

کومیسیۆنی ئه‌وروپا داوا له‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی تورکیا ده‌کات پشتیوانی له‌ به‌هاکانی دێمۆکڕاسی بکه‌ن


سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەوروپایی ژان کلاود جەنکەر ئەمرۆ لە نوسینێکدا داوا لە دەسەڵاتدارانی تورکیا دەکات پشتیوانی لە بەهاکانی دیموکراسی بکەن ، ئەگەر دەخوازن ببنە ئەندام لە نێو یەکێتی ئەوروپادا . ئەم داوایەی بەرێز جان کلاود بە ساڵیک دوای ئەو گۆڕانکاریانە دوای هەوڵی کودێتا سەرنەکەوتوەکەی تورکیا دێت. ژان کلاود لەو وتارەیدا کە بۆ هەفتانامەی ئەڵمانی بیلد زۆنتاگ نوسیبووی دەڵێت هەر وڵاتێک گەرەکی بێت پەیوەندی بە یەکێتی ئەوروپاوە بکات واتا پەیوەندی بە بەهاکانی یەکێتیەکەوە دەکات.لە درێژەی وتارەکەیدا سەرۆکی کۆمسیۆنی یەکیه‌تی ئەوروپا دەشڵێت یەکێتی ئەوروپا دەرگای ئاواڵایە، بەڵام هاوکات چاوەڕوانی ئەوەشە کە دەبێت تورکیا خەسلەتەکانی ئەوروپایی تێیدا رەنگبداتەوە و بە رژدیش بەها بنەرەتیەکانی ئەوروپایی لە خۆبگرێت.

ئەم وتارەی سەرۆکی کۆمسیۆنی ئەوروپایی رۆژێک دوای ئەوە بوو کە رەجەب تەیب ئەردوغانی سەرۆکی تورکیا وتارێکی توندی پێشکەش بە پەرلەمانی تورکیا کرد بە بۆنەی یەکەمین ساڵیادی هەوڵی کودێتاکە، ئەمەش دوابەدوای سازکردنی گردبوونەوەی مەزن لە هەردوو شارەکانی ئەنکەرە و ئەستەمبوڵ.

لە وتارەکەیدا بۆ پەرلەمانی تورکیا رەجەب تەیب ئەردوغان پەیمانی دا هەر پرۆژە بڕیارێک کە یاسادانەرانی تورکیا دەریبکەن ئەو واژوی بکات لەمەڕ گێڕانەوەی پیادەکردنی سزای مەرگ لە وڵاتەکەیدا، ئەردوغان لە گوتارەکەیدا بۆ سەدان هەزار لە هاوڵاتیانی تورکی لە شاری ئەستەمبول گوتی ئێمە سەری ئەو ناپاکانە دەبڕین .

ئەم هەڵوێستەی رەجەب تەیب ئەردوغان لەو بارەیەوە وەک هێڵیکی سوور تێدەڕوانرێت بەوەی کە هێواکانی تورکیا لە باردەبات لەمەڕ هەوڵەکانی بۆ بە ئەندام بوون لە نێو یەکێتی ئەوروپادا.

XS
SM
MD
LG