سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆگان نیگەرانی خۆی دەربڕی سەبارەت بە بوونی بنکەی سەربازیی ئەمەریکی و ڕوسی لە سوریا و وتی ئەو وڵاتانەی کە باوەڕیان بە چارەسەری سەربازیی نیە لە سوریادا ئەوا دەبێت هێزەکانیان بکشێننەوە.
سەرۆکی ڕوسیا ڤلادیمێر پوتن و سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا ڕۆژی شەممە وتیان بەردەوام دەبن لە شەڕکردن دژی ڕێکخراوی داعش لە سوریادا و ڕێکەوتن لەسەر ئەوەی کە هیچ چارەسەرێکی سەربازیی سوودی نیە بۆ ئەو ناکۆکییی کە شەش ساڵە بەردەوامە لە سوریادا.
ئەردۆگان پێش ئەوەی بەرەو ڕوسیا بەڕێبکەوێت بە ڕۆژنامەنووسانی وت " کێشەم هەیە لە تێگەیشتنم لەم لێدوانانە، ئەگەر چارەسەری سەربازیی لە حسابەکاندا نەبێت کەواتە ئەوانەی وا دەڵێن دەبێت هێزەکانیان بکشێننەوە."
وتیشی " ئەو کاتە دەبێت بگەڕێن بەدوای ڕێگەیەکی سیاسییدا لە سوریا و بگەڕێن بەدوای ڕێگەیەکدا بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکان، لەگەڵ پوتندا باس لەوە دەکەین."
سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆگان بەردەوام بوو لە قسەکانی و وتی مۆسکۆ و واشنتنیش بنکەی سەربازییان لە سوریا دامەزراندووە و ئاماژەشی بەوەدا کە کام لە دوو وڵاتەکە بەخێرایی دەکشێنەوە.
وتی " ئەمەریکا وتی بەتەواوەتی عێراق بەجێ دەهێڵێت بەڵام وای نەکرد. جیهان گەمژە نیە و هەندێک ڕاستی بەشێوەیەکی جیا دەوترێن و بەشێوەیەکی تر کاریان پێدەکرێت."
وتیشی " بە گشتی ئەمەریکا 13 بنکەی سەربازیی هەیە و ڕوسیاش هەشت بنکەی سەربازیی دیکەی هەیە لە سوریادا."
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز