Accessibility links

ئەردۆغان دەڵێت لە ڕۆژی سەردانەکەی بلینکندا گەشت دەکات


سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان دەڵێت بەردەوام دەبێت لە گەشتە پلان بۆ داڕێژراوەکەی بە تورکیادا، ئەمەش وادەکات نەتوانێت لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکندا کۆببێتەوە کە سەردانی ئەو وڵاتە دەکات.

بڕیارە درەنگانێکی ڕۆژی یەکشەممە ئەنتۆنی بلینکن بگاتە ئەنکەرە و ڕۆژی دواتر لەگەڵ وەزیری دەرەوەی تورکیا هاکان فیداندا کۆببێتەوە، مەبەست لە کۆبوونەوەکەش تاوتوێکردنی جەنگەکەی نێوان ئیسڕائیل و حەماسە.

ئەو بەرپرسانەی ئەمەریکا کە لەگەڵ بلینکندا گەشت دەکەن بە گەشبینییەوە باسییان لە ئەگەری کۆبوونەوەی نێوان بلینکن و ئەردۆغان کردووە، لە کاتێکدا کە ئەردۆغان لەمدواییانەدا لێدوانی توندی دژی ئیسڕائیل داوە لەسەر زیادبوونی کوژرانی هاووڵاتییانی سڤیل لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەی ئیسڕائیلدا بۆ سەر غەزە.

ئیسڕائیل هەوڵی لە ناوبردنی چەکدارانی حەماس دەدات، کە لە 7 ی مانگی 10 دا هێرشییان کردە سەر باشووری ئیسڕائیل و هێرشەکەیان بووە هۆی کوژرانی زیاتر لە 1400 کەس کە زۆربەیان هاووڵاتی سڤیل بوون، لە هەمان کاتیشدا 240 کەسییان بە بارمتە گرت.

لە وەڵامی هێرشەکەی حەماسدا، ئیسڕائیل بەردەوام بۆردومانی کەرتی غەزەی کردووە، وەزارەتی تەندروستی غەزە دەڵێت زیاتر لە 9700 کەس بەهۆی بۆردومانەکانەوە کوژراون کە زۆربەیان منداڵ و ژنن.

ڕۆژی یەکشەممە ئەردۆغان جارێکی دیکە سەرکۆنەی " کۆمەڵکوژییەکی بێ ڕەوشت و بێ ویژدان و نەفرەت لێکراوی " کرد لە غەزە.

ئەردۆغان وتیشی ڕۆژی دووشەممە سەردانی گوندی ئایدەری باکووری ڕۆژهەڵاتی تورکیا دەکات، لەو کاتەدا بلینکن لە ئەنکەرە لەگەڵ فیداندا کۆدەبێتەوە.

ئەردۆغان وتی " سبەینێ دەچم بۆ ئایدەر." وتیشی دەیەوێت " ئەو گۆڕانکارییە " ببینێت کە لە ناوچە دوورەدەستەکەدا کراوە.

تورکیای ئەندام لە ناتۆ باڵیۆزەکەی لە ئیسڕائیل گەڕاندەوە و پەیوەندییەکانی لەگەڵ سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین نەتانیاهودا پچڕاند، ئەوەش وەکو ناڕەزایی دەربڕینێک دژی جەنگەکەی نێوان ئیسڕائیل و حەماس.

بەڵام ڕۆژی یەکشەممە ئەردۆغان وتی تورکیا " لە پشت پەردەکانەوە " کار دەکات، لە هەوڵێکدا بۆ ڕاگرتنی خوێنڕشتنەکان و دڵنیابوونەوە لە گەیشتنی یارمەتییە مرۆییەکان بۆ ناو غەزە.

ئەردۆغان وتی " دڵنیا بن لەوەی زۆر زیاتر دەکەین لەوەی کە لەبەرچاودایە."

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG