Accessibility links

تورکیا داوا لە ئەڵمانیا دەکات 136 کەسی پەیوەندیدار بە تیرۆرەوە ڕادەستی وڵاتەکە بکات


سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆگان

ڕۆژنامەی حوڕییەت لە زاری سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆگانەوە بڵاویکردەوە ئەنقەرە لیستێکی داوە بە بەرپرسانی ئەڵمانیا کەناوی 136 کەسی تێدایە تاوەکو ڕادەستی تورکیایان بکاتەوە بەهۆی گومانی ئەوەی پەیوەندییان هەبێت بە گروپە تیرۆریستییەکانەوە.

هەفتەی ڕابردوو ئەردۆگان سەردانی ئەڵمانیای کرد بە مەبەستی باشکردنی پەیوەندییەکانی تورکیا لەگەڵ ئەڵمانیادا کە دوای کودەتاکەی ساڵی 2016 ی تورکیا و دەستگیرکردنی ژمارەیەکی زۆر هاوڵاتی ئەڵمانیا لە تورکیا گرژییان تێکەوت.

ئەردۆگان بە ڕۆژنامەنووسانی وت " ناوەکان هەمووی نازانم بەڵام لیستەکە زۆرە. لیستەکە 136 کەسی تیایە لە ئەڵمانیان."

ئەردۆگان ئاماژەی بە هیچ گروپێک نەدا بەڵام داوای لە ئەڵمانیا کردووە چالاکتر بێت لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەندامانی تۆڕی فەتحوڵا گولەن کە ئەنقەرە تۆمەتباری کردووە بە تۆمەتی پلانگێڕان بۆ کودەتاکەی ساڵی 2016 ی تورکیا، فەتحوڵا گولەنیش هەموو ئەو تۆمەتانە ڕەت دەکاتەوە.

کەناڵی دوێچێ ڤیلەی ئەڵمانی لە زاری بەرپرسانی حکومەتی ئەڵمانیاوە بڵاویکردەوە ئەردۆگان هیچ لیستێکی نەداوە بە ئەڵمانیا.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG