Accessibility links

ئەردۆگان داوا لە یۆنان دەکات دەرگاکانی بەڕووی کۆچبەراندا بکاتەوە


سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆگان داوای لە یۆنان کرد " دەرگاکانی بکاتەوە " بەڕووی ئەو پەنابەرانەدا کە هەوڵ دەدەن لە تورکیاوە بچنە ئەوروپا، وتیشی هیوادارە لە دانوستانەکانی ڕۆژی دووشەممەدا لەگەڵ یەکێتی ئەوروپا پشتیوانی زیاتری لێبکرێت سەبارەت بە بابەتی کۆچبەران.

دوای ئەوەی تورکیا لە 28 ی مانگی دوودا ڕایگەیاند چیتر کۆچبەران لە وڵاتەکەیدا ناهێڵێتەوە، دەیان هەزاران کۆچبەر هەوڵیاندا بچنە یۆنانەوە.

لەنێوان ساڵەکانی 2015 بۆ 2016 زیاتر لە ملیۆنێک پەنابەر کە زۆرینەیان خەڵکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاسیا بوون لەڕێی تورکیا و یۆنانەوە گەیشتنە ئەوروپا هەتا ئەو کاتەی یەکێتی ئەوروپا و تورکیا ڕێکەوتنێکیان واژۆ کرد و تیایدا داوا لە ئەنکەرە کرا ڕێگە نەدات کۆچبەران لەڕێی تورکیاوە بێنە ئەوروپا، لەبەرامبەریشدا ملیاران دۆلار درا بە تورکیا.

ئەردۆگان وتی " بەپێی ڕێکەوتنەکە پابەند بووین بە بەرپرسیارێتیەکانمانەوە، بەڵام یەکێتی ئەوروپا پابەند نەبوو بە بەرپرسیارێتیەکانیەوە، هیوادارم ئەمجارە بگەین بە ئەنجامێکی جیاواز."

بەپێی ڕێکەوتنەکەی ساڵی 2016، پێویستە لەسەر یەکێتی ئەوروپا 6.8 ملیار دۆلار بداتە تورکیا تاوەکو ئەنکەرە ئەو بڕە پارەیە بکاربهێنێت بۆ دروستکردنی یەکەی نیشتەجێبوون و خوێندنگا و یەکەی تەندروستی بۆ پەنابەران. ئەردۆگان دەڵێت تورکیا تا ئێستا نیوەی ئەو پارەیەی وەرگرتووە.

تورکیا دەشڵێت یەکێتی ئەوروپا بەڵێنەکانی نەبردۆتە سەر کە یەکێک لەو بەڵێنانەی ئەوە بووە هاوڵاتیانی تورکی بتوانن بەبێ ڤیزا گەشت بکەن بۆ ئەوروپا و یەکێتی گومرگی نێوان هەردوولا پتەوتر بکەن. هەروەها تورکیا دەیەوێت یەکێتی ئەوروپا پشتیوانی زیاتری لێبکات لە سوریا.

ئەنجومەنی ئەوروپا ڕایگەیاند سەرۆکی ئەنجومەنەکە چاڕڵز میشێل و سەرۆکی کۆمسیۆنی ئەوروپا ئۆرسۆلا ڤۆن دێر لین لەگەڵ ئەردۆگاندا کۆدەبنەوە بەمەبەستی تاوتوێکردنی بابەتەکانی کۆچ و ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە و قەیرانی سوریا.

وەزیرانی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا هەفتەی ڕابردوو وتیان " ئامادەین هەموو ڕێوشوێنێکی پێویست بگرینەبەر بۆ ڕێگەگرتن لە پەڕینەوەی کۆچبەران بەشێوەیەکی نایاسایی بۆ یۆنان."

لەلای خۆیەوە ئەردۆگان داوای لە بەرپرسانی یۆنان کرد " دەرگاکانتان بکەنەوە و ڕێگەیان بدەن بێنە ناوەوە. ئێمە باس لە دابەشکردنی قورساییەکان دەکەین. ئێمە ئامادەین ئەو قورساییە دابەش بکەین لە نێوانماندا."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG