هێزەکانی جەنەڕاڵ حەفتەر خۆشحاڵی خۆیان دەربڕی لە بەرامبەر ڕەزامەندی پەرلەمانی میسڕ بۆ ناردنی هێزی لەشکری بۆ وڵاتەکەیان و لە بەرامبەردا حکومەتی ویفاق لە تەرابلوس بەڵێنی داوە ڕووبەڕووی هەر دەستێوەرادنێکی میسڕ ببێتەوە.
خالد ئەلمەحجوب فەرماندە لە هێزەکانی حەفتەر بە کەناڵی ئەلحوڕەی گوت "لەشکر پـێشوازی لەم هەنگاوەی پەرلەمانی میسڕ دەکات." گوتیشی ئەم بڕیارەی میسڕ پاش دەستێوەردانی تورکیا دێت کە جێی هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی لیبیا و میسڕ.
کاربەدەستێکی حکومەتی ویفاقیش گوتویەتی هەڵوێستی فەرمی حکومەتەکەی هیچ گۆڕانکاری بەسەردا نەهاتووە. گوتیشی هێزەکانیان بە توندی ڕووبەڕووی هەر دەستێوەردانێکی لەشکری میسڕ دەبێتەوە کە لە دەرەوەی شەرعیەتی نێودەوڵەتی بێت.
پەرلەمانی میسڕ ئەمڕۆ ڕایگەیاند بە ئامادەبوونی 510 ئەندام ڕەزامەندی دەربڕی لەسەر ڕەوانەکردنی هێزی چەکدار بۆ دەرەوەی وڵات بۆ شەڕی ملیشیا تاوانکاریـیەکان و تێرۆرستانی بیانی لە دیوی ڕۆژئاوای وڵاتەکە، ئەمەش مەبەستی لیبیایە.