Accessibility links

ئەردۆگان: جێی قبوڵکردن نیە ڕێگە نەدرێت بە تورکیا ببێتە خاوەنی چەکی ناوەکی


سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆگان وتی جێی قبوڵکردن نیە ئەو وڵاتانەی خاوەنی چەکی ناوەکین ڕێگە نەدەن تورکیا ببێتە خاوەنی چەکی ناوەکی، بەڵام ڕوونی نەکردەوە کە ئایا تورکیا پلانی هەیە بۆ بەدەستهێنانی ئەو چەکە یاخود نا.

ئەردۆگان بە ئەندامانی پارتی داد و گەشەپێدانی تورکیای وت " هەندێک وڵات خاوەنی موشەکن بە کڵاوەی ناوەکییەوە، دانە و دووانیش نین. بەڵام پێمان دەڵێن ئێوە ناتوانن ئەو چەکەتان هەبێت. منیش ناتوانم ئەوە قبوڵ بکەم."

ئەردۆگان وتی " هیچ وڵاتێکی پێشکەوتوو لە جیهاندا نیە چەکی ناوەکیی نەبێت."

لەڕاستیدا زۆرێک لە وڵاتانی پێشکەوتوو هەن لە جیهاندا کە چەکی ناوەکییان نیە.

تورکیا لە ساڵی 1980 دا پەیماننامەی سنووردانان بۆ بڵاوبوونەوەی چەکی ناوەکی واژۆکرد و هەروەها لە ساڵی 1996 دا پەیماننامەی قەدەغەکردنی تەواوی تاقیکردنەوە ناوەکییەکانی واژۆکرد.

ئەردۆگان وتی " ئیسڕائیل نزیکە لێمانەوە و وەکو دراوسێمان وایە. وڵاتانی دیکە ترساون لێی چونکە چەکی ناوەکی هەیە. کەس ناتوانێت دەستی لێبدات."

شارەزایانی بیانی دەڵێن ئیسڕائیل جبەخانەیەکی گەورەی چەکی ناوەکیی هەیە. بەڵام ئیسڕائیل پەیڕەوی سیاسەتی نادیاری دەکات سەبارەت بە بابەتی ناوەکیی و ڕەتی دەکاتەوە بڵێت چەکی ناوەکیم هەیە یاخود بڵیت نیمە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG