Accessibility links

تورکیا سزای 865 ساڵ زیندانیکردن بەسەر دروستکەری ئەو بینایانەدا دەسەپێنێت کە بومەلەرزەکە ڕووخاندنی


ڕۆژی دووشەممە تورکیا سزای 865 ساڵ زیندانیکردنی بەسەر پیاوێکدا سەپاند کە لە پشت دروستکردنی بینایەکدا بووە کە لە ماوەی بومەلەرزە بەهێزەکەی ساڵی 2023 دا ڕووخا و بووە هۆی کوژرانی 96 کەس.

بینا نیشتەجێبوونە 14 نهۆمییەکەی شاری ئەدەنەی باشووری تورکیا لە مانگی دووی ساڵی 2023 دا بەهۆی بومەلەرزەیەکی بەهێزەوە بە گوڕی 7.8 ڕووخا، بومەلەرزەکە بە گشتی بووە هۆی کوژرانی زیاتر لە 53,500 کەس لە تورکیا و نزیکەی 6000 کەسی دیکە لە سوریادا، تەنها یەک بینای نیشتەجێبوون لەو بومەلەرزەیەدا ڕزگاریبوو.

بیناکە لە ساڵی 1975 دا دروستکراوە و ڕووخانی بیناکە دەستبەجێ گومانی دروست کرد لە ئەدەنە، کە کەمتر لە 100 کم دوور بووە لە سەرچاوەی بومەلەرزەکەوە.

دەزگای هەواڵی ئەنادۆڵۆ بڵاویکردەوە ڕۆژی هەینی حەسەن ئەلپارگۆن بە تۆمەتی ئەوەی کە " بووەتە هۆی مردن و برینداربوونی زیاتر لە یەک کەس " تۆمەتبار کراوە.

گوایە ئەلپارگۆن لە ڕۆژی بومەلەرزەکەدا هەڵاتووە بۆ باکووری قوبرس کە تورکیا پشتیوانی لێدەکات، هەفتەیەک دواتر خۆی ڕادەستی پۆلیس کردووە.

لە ماوەی دادگاییکردنەکەیدا شارەزایان ئاماژەیان بە کەمتەرخەمی مەترسیدار کردووە لە ماوەی دروستکردنی بیناکەدا و لە هەمان کاتدا ئاماژەیان بە لاوازی پایەکانی بیناکە کردووە، هەروەها کواڵێتی ئەو کۆنکریتەش کە بەکارهاتووە.

ئەلپارگۆن بەرگری لە خۆی کرد و وتی دروستکردنی بیناکە لەلایەن بەرپرسانەوە پەسەند کراوە.

دوابەدوای بومەلەرزەکە زیاتر لە 260 کەس کە بەشداربوون لە دروستکردنی بیناکاندا دەستگیرکران، هەندێکییان لە هەوڵیاندا بۆ هەڵاتن لە تورکیا دەستگیرکراون.

لەم ساڵدا دادگاییکردنی ئەم کەسانە دەستی پێکردووەتەوە.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG