Accessibility links

وەزارەتی بەرگری : تورکیا ڕێکەوتنی کڕینی موشەکی بەرگری ڕوسی تەواو کردووە


وەزیری بەرگری تورکیا نورەدین جانیکڵی وتی وڵاتەکەی کڕینی موشەکی بەرگری ڕوسی لە جۆری ئێس-400 تەواو کردووە بەڵام ئەنقەرە گفتوگۆ لەسەر ئەنجامدانی ڕێکەوتنی تر دەکات لەگەڵ وڵاتانی ئەوروپیدا بۆ یارمەتیدانی لە پەرەپێدانی سیستمی بەرگری موشەکیی تورکیدا.

هەندێک لە وڵاتانی ڕۆژئاوای ئەندام لە ناتۆدا ڕەخنەیان لە تورکیا گرت سەبارەت بەوەی چەک لە ڕوسیا بکڕێت و وتیان ئەوە زیان بە ناتۆ دەگەیەنێت. هەروەها نیگەرانی دیکەشی لێکەوتەوە لەوانەش ئەوەی کە ئەم سیستمە ڕوسیە ناتوانرێت بلکێنرێت بە سیستمی بەرگری ناتۆوە.

سەرکردەیەکی باڵای ناتۆ هەفتەی ڕابردوو بە ڕۆیتەرزی وت ناتۆ بەردەوام دەبێت لە داواکردن لە تورکیا تاوەکوو سیستمێک بکڕێت کە بتوانرێت لەگەڵ سیستمەکەی خۆیاندا بلکێنرێت و وتیشی تا ئێستا تورکیا هیچ موشەکێکی ئێس-400 ی وەرنەگرتووە.

جانێکڵی لە لێدوانێکیدا وتی " بابەتەکە تەواو بوو، موشەکی ئێس-400 مان کڕی و ئەوەی ماوەتەوە تەنها وردەکارییەکانە."

بەڵام وەزیرەکە وتیشی تورکیا ڕازی نیە تەنها بەو ڕێکەوتنە و وتی" ڕێکەوتنی سەرەتاییش ئەنجام دەدەین لەگەڵ کۆمەڵەی یۆرۆسامدا بۆ بەدەستهێنانی تەکنەلۆجیای پەرەپێدان و بەرهەمهێنان و بەکارهێنانی سەرچاوە تایبەتییەکانی سیستمی بەرگری ئاسمانی خۆمان." ئەوەش ئاماژەیەک بوو بۆ پڕۆژە هاوبەشەکەی بەرگری ئیتاڵیا و فەڕەنسا.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG