Accessibility links

لە ئەنجامی تەقینەوەیەکدا لە مێرسینی تورکیا 18 کەس برینداربوون


لە هەرێمی مێرسین لە باکووری تورکیا بۆمبێک بە پاسێکی پۆلیسدا تەقییەوە و لە ئەنجامدا 18 کەس برینداربوون.

جێگری سەرۆک وەزیری تورکیا و وتەبێژی حکومەتی تورکیا بەکرد بۆزداج بە پەرلەمانی ڕاگەیاند حەڤدە لەو کەسانەی برینداربوون پۆلیسن و هێرشەکەشی بە کردەوەیەکی تیرۆریستی ناودێرکرد.

بۆزداج وتیشی " شەڕی تورکیا دژ بە تیرۆریستان لەژێر هەر بارودۆخێکدا بەردەوام دەبێت و بەهێزتر دەبێت."

سەرچاوەیەکی ئەمنی وتی باوەڕ وایە حیزبی کرێکارانی کوردستان هێرشەکەی ئەنجام دابێت و هەروەها وتیشی بریندارەکان برینەکانیان سەخت نیە.

تا ئێستا هیچ لایەنێک بەرپرسیارێتی لە هێرشەکە ڕانەگەیاندووە.

سەرۆکی شارەوانی مێرسین بورهان ئەلدین وتی هێرشەکە لەسەر ئەو شەقامە ڕوویداوە کە بنکەی فەرمانڕەوایی ناوخۆی تێدایە. وتیشی پاسی پۆلیسەکان لەو کاتەی هێرشەکە ڕوویداوە لە جووڵەدا بووە.

سەرچاوەکانی ئاسایش وتیان دەست بەجێ پۆلیس و ئوتومبێلەکانی فریاکەوتن و ئاگرکوژێنەوە نێردراون بۆ شوێنی ڕووداوەکە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG