Accessibility links

تورکیا نزیکەی 600 کەس دەستگیر دەکات بەهۆی دژایەتیکردنیانەوە لە لەشکرکێشیەکەی تورکیا


حکومەتی تورکیا ڕایگەیاند تا ئێستا نزیکەی 573 کەسیان دەستگیرکردووە بەهۆی ئەوەوە کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەدژی لەشکرکێشییەکەی تورکیا بۆ سەر سوریا دەنووسن و ناڕەزایی دەردەبڕن.

دەستگیرکردنەکان چڕتربوونەتەوە و پزیشکانیشی گرتۆتەوە، ئەم دەستگیرکردنانە بوونەتە هۆی دروستبوونی ترس لەوەی کە لەسەردەمی ڕەجەب تەیب ئەردۆگاندا ئازادی ڕادەربڕین نەمێنێت.

جێی ئاماژەیە مانگی ڕابردوو تورکیا دەستی کرد بە ئەرکێکی سەربازیی وشکانیی و ئاسمانیی دژی یەکینەکانی پاراستنی گەلی کورد لە ناوچەی عەفرینی باکووری ڕۆژئاوای سوریا و ئەنقەرە چەند جارێک وتوویەتی کە ئەو کەسانەی دژایەتی یاخوود ڕەخنە لە ئەرکەکە دەگرن ڕووبەڕووی دادگا دەبنەوە.

وەزارەتی ناوخۆ لە بەیاننامەیەکدا وتی " لە سەرەتای دەستپێکردنی ئەرکە سەربازییەکەوە 449 کەس دەستگیرکراون بەهۆی ئەوەوە کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان پڕوپاگەندەی تیرۆر بڵاودەکەنەوە و 124 کەسی دیکە دەستگیرکراون بەهۆی ئەوەی کە بەشداریان کردووە لە ناڕەزایی دەربڕینەکاندا."

لەشکرکێشییەکەی تورکیا پشتیوانییەکی زۆری لێدەکرێت لەلایەن حیزبە سیاسییەکانی تورکیا و ئەو دەزگا ڕاگەیاندنانەی کە سەر بە حکومەتن.

جێگری دادوەری گشتی هەفتەی ڕابردوو فەرمانێکی دەرکرد بە دەستگیرکردنی 11 پزیشک دوای ئەوەی ڕەخنەیان لە ئەرکە سەربازییەکە گرتوو وتیان " نا بۆ جەنگ، بەڵێ بۆ ئاشتی."

وتەبێژی ئەردۆگان بە ڕۆژنامەنووسانی وت " کۆمەڵێک یاسا هەن ڕیکلام کردن بۆ تیرۆر لەڕێی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانەوە قەدەغە دەکەن. دادگا یاسا جێبەجێ دەکات."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG