Accessibility links

فەرمانی دەستگیرکردنی 216 کەس لە تورکیا لەچوارچێوەی لێکۆڵینەوەکانی دوای هەوڵی کودەتاکەدا


دەزگای هەواڵی فەڕمی ئەنادۆڵۆی تورکیا ڕایگەیاند بەرپرسانی تورکیا فەرمانی دەستگیرکردنی 216 کەسیان دەرکردووە لەنێویاندا فەرمانبەری پێشووی وەزارەتی داراییان تێدایە کە گومانی ئەوەیان لێدەکرێت پەیوەندییان هەبێت بە هەوڵی کودەتاکەی ساڵی ڕابردووی تورکیاوە.

دەزگاکە ڕاشیگەیاند 17 فەرمانبەری وەزارەتی دارایی تا ئێستا دەستگیرکراون و گەڕان بەدوای 65 کەسی دیکەدا بەردەوامە لەسەر ئەوەی گومانی ئەوەیان لێدەکرێت پەیوەندییان هەبێت بە تۆڕی کەسایەتی ئاینی فەتحوڵا گولەنەوە کە ئێستا لە ئەمەریکا دەژی.

بەرپرسانی تورکیا ئەرکەکانیان لە 40 هەرێمی جیا ئەنجامداوە و یەکینە ناحکومییەکانیان کردۆتە ئامانج کە باوەڕوایە لە هێزە چەکدارەکانی تورکیاوە خەڵک دەکەن بە ئەندام لە تۆڕەکەی گولەندا.

جێی ئاماژەیە فەتحوڵا گولەن تۆمەتبارکراوە بە تۆمەتی پیلانگێڕان بۆ هەوڵی کودەتا سەرنەکەوتووەکەی ساڵی ڕابردووی تورکیا و بەرپرسانی تورکی داوایان لە ئەمەریکا کردووە گولەنیان ڕادەست بکات بەڵام تا ئێستا هیچ کامێک لەو هەوڵانەی بەرپرسانی تورکیا سوودی نەبووە. گولەنیش ڕەتی دەکاتەوە هیچ پەیوەندییەکی هەبووبێت بە کودەتاکەوە.

لەدوای کودەتا سەرنەکەوتووەکەوە بەرپرسانی تورکیا زیاتر لە 50 هەزار کەسیان دەستگیرکردووە چاوەڕوانی دادگاییەکانیان دەکەن، هەروەها فەرمانی دەرکردنی 150 هەزار کەس لە کارەکانیان دەرچووە کە ئەندامانی سوپا و هەردوو کەرتی تایبەت و گشتی تێدایە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG