بەرپرسانی تورکی دوو کەسیان دەستگیرکرد کە گومانی ئەوەیان لێدەکرێت ئەوان بووبێتن فیشەکیان بە ئاڕاستەی باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە ئەنقەرە تەقاندبێت، ئەم هێرشەش هاوکاتە لەگەڵ زیادبوونی گرژییەکانی نێوان تورکیا و ئەمەریکا بەهۆی دادگاییکردنی قەشە ئەمەریکییەکەوە لە تورکیا.
وتەبێژی سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆگان سەرکۆنەی هێرشەکەی کرد و بە ئاژاوەگێڕی ناودێری کرد. وەزارەتی دەرەوەی تورکیا وتی ڕێوشوێنە ئەمنییەکانی لە باڵیۆزخانە و دامەزراوەکانی دیکەی ئەمەریکا و کارمەندە ئەمەریکییەکان توندتر کردۆتەوە.
ئۆفیسی فەرمانڕەوا لە ئەنقەرە وتی هێرشبەرەکان شەش فیشەکیان ناوە بە دەرگای ئاسایشی باڵیۆزخانەکەوە و ئوتومبێلێکی سپیان پێبووە لە نزیک کاتژمێر 5ی بەیانیدا، سێ فیشەکیان بەر دەرگا و پەنجەرەکە کەوتوون.
ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە ئۆفیسەکە بەیاننامەیەکی دیکەی دەرکرد و تیایدا وتی دوو پیاو دەستگیرکراون و دەست بەسەر ئوتومبێل و دەمانچەکانیاندا گیراوە و دانیان ناوە بە تەقەکردنەکەدا.
وتیشی گومانلێکراوەکان تۆماری تاوانیان هەیە و لێکۆڵینەوە لە پەیوەندیی نێوانیان دەکرێت.
وتەبێژی باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە تورکیا دەیڤد جینەر وتی " دەتوانین تەقە کردنەکە لە باڵیۆزخانەی ئەمەریکا پشت ڕاست بکەینەوە کە بەیانی زوو ڕوویدا. هیچ هەواڵێکمان نیە لە کەوتنەوەی زیانی گیانی و لێکۆڵینەوە لە وردەکارییەکان دەکەین."
وتیشی " سوپاسی پۆلیسی تورکیا دەکەین بۆ ئەو جووڵە خێرایەیان."
لەلای خۆشیەوە ئیبراهیم کالینی وتەبێژی سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆگان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر وتی " ئەمە هەوڵێکی ئاشکرایە بۆ ئاژاوەگێڕی. تورکیا وڵاتێکی پارێزراوە و بەپێی یاسا هەموو دامەزراوە بیانییەکان پارێزراون."
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز