Accessibility links

تورکیا فەرمانی دەستگیرکردنی 122 سەرباز دەدات بەهۆی پەیوەندییان بە گولەنەوە


کەسایەتی ئاینی تورکی فەتحوڵا گولەن

دادوەری گشتی تورکیا و دەزگای فەڕمی هەواڵی ئەنادۆڵۆ ئاماژەیان بەوەدا تورکیا فەرمانی دەستگیرکردنی 122 سەربازیی داوە، هەندێکیان پلەی سەربازی بەرزیان هەیە، ئەمەش بەهۆی پەیوەندییانەوە بە تۆڕەکەی کەسایەتی ئاینی تورکی فەتحوڵا گولەنەوە کە ئەنقەرە تۆمەتباری دەکات بە تۆمەتی پلاندان بۆ هەوڵی کودەتاکەی تورکیا.

تورکیا گولەنی تۆمەتبار کردووە بە تۆمەتی پلاندان بۆ هەوڵی کودەتا سەرنەکەوتووەکەی ساڵی 2016 ی تورکیا، لەلای خۆشیەوە فەتحوڵا گولەن ئەو تۆمەتانە ڕەت دەکاتەوە.

دەزگای هەواڵی ئەنادۆڵۆ وتی پۆلیس دوو ئەرکی دەستگیرکردنی لە هەرێمی ئیزمیر و هەرێمی کونیەی ناوەڕاستی وڵاتەکە ئەنجامداوە.

دوای نزیکەی سێ ساڵ لە هەوڵی کودەتاکە، بەرپرسانی تورکی زیاتر لە 77 هەزار کەسیان دەستگیرکردووە و نزیکەی 150 هەزار کەسی دیکەیان لە کارەکانیان دوورخستۆتەوە لە هەردوو کەرتی گشتی و تایبەت.

چالاکەوانانی مافەکانی مرۆڤ و هاوپەیمانەکانی تورکیا لە ڕۆژئاوا ڕەخنە لە قەبارەی ئەم هەڵمەتی دەستگیرکردنە دەگرن و دەڵێن سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆگان هەوڵی کودەتاکەی قۆستۆتەوە بۆ لەناوبردنی ئۆپۆزسیۆن.

حکومەتی تورکیاش دەڵێت ئەو ڕێوشوێنە ئەمنییانە پێویستن بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەو مەترسییانەی لەسەر تورکیا هەن و بەڵێنیدا تۆڕەکەی گولەن لە وڵاتەکەدا لەناوببات.

ئەنادۆڵۆ دەڵێت پۆلیس بەشوێن 42 گومانلێکراودا دەگەڕێت لە ئیزمیر و 17 کەسی دیکەش لە هەرێمێکی دیکە. وتیشی بەرپرسان پێیان وایە گومانلێکراوەکان پەیوەندییان هەبووە بە ئەندامانی تۆڕەکەی گولەنەوە لەڕێی بەکارهێنانی تەلەفونە گشتیەکانەوە.

دەزگاکە ئاماژەشی بەوەدا بەرپرسان بەشوێن 40 گومانلێکراوی دیکەدا دەگەڕێن لە کونییە کە سەربازیشیان تێدایە، هەروەها 25 کەسی دیکەش لە هەرێمێکی دیکە.

ئۆفیسی دادوەری گشتی لە ئیستەنبوڵ وتی پۆلیس بەشوێن 40 گومانلێکراوی دیکەدا دەگەڕێن کە ئەفسەری پلە بەرزیان تێدایە لە شارەکە و هەرێمەکانی دیکەدا.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG