هێزەکانی سەر بە حکومەتی سوریا ڕۆژی سێشەممە چوونە ناو عەفرینەوە لە باکووری ڕۆژئاوای سوریا بۆ یارمەتیدانی یەکینەکانی پاراستنی گەل لەدژی هێرشەکانی تورکیا لە ناوچەکەدا.
پاش کەمێک لە گەیشتنی کاروانی چەکدارەکان بە ئاڵای سورییەوە، دەزگاکانی ڕاگەیاندنی سوری وتیان تورکیا بە تۆپهاوێژ کردوونیەتە ئامانج.
ئەمەش سوپای تورکیا و هۆزە سورییەکانی هاوپەیمانی دەخاتە ڕووبەڕووبوونەوەیەکی ڕاستەوخۆوە لەگەڵ هاوپەیمانێتی سەربازیی کە پشتیوانی لە سەرۆکی سوریا بەشار ئەسەد دەکەن و ئەوەش دەبێتە هۆی ئاڵۆزتربوونی ئەو شەڕەی کە لە باکووری ڕۆژئاوای سوریا ڕوودەدات.
ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی لە ئەنکەرە لەگەڵ جۆرجی ئیڤانۆڤ سەرۆکی مەکەدۆنیا گوتیشی هێزەکە کۆمەڵێک تێرۆرست بوون کە سەربەخۆیانە بە12 ئۆتۆمبیل هاتبوون. پاشان گوتی تورکیا لە داهاتوودا ڕێگە بە هەنگاوی لەو جۆرە نادات و ئەگەر دووبارببێتەوە ئەوا ئەوانەی پـێیهەڵدەستن باجێکی گەورە دەدەن.
یەکینەکانی پاراستنی گەل پێشوازییان لە گەیشتنی ئەو هێزانە کردووە کە پشتیوانی لە حکومەتی سوریا دەکەن و هاوپەیمانن لەگەڵ ئەسەددا بەڵام سەر بە سوپای سوریا نین، وتیشی ئەو هێزانە بە درێژایی هێڵی شەڕەکە لەسەر سنووری تورکیا درێژدەبنەوە.
بەرپرسە کوردییەکە وتی ڕێکەوتنێک کراوە لەگەڵ حکومەتەکەی ئەسەددا و ڕێگە بە سوپای سوریا دەدرێت بێنە ناو عەفرینەوە.
سەرچاوە / ڕۆیتەرز