Accessibility links

یۆنان و تورکیا بڕیاری هێورکردنەوەی گرژییە سیاسییەکانی نێوانیان دەدەن


وەزیری دەرەوەی یۆنان نیکۆس دیندیاس و وەزیری دەرەوەی تورکیا مەولود چاوش ئۆغلۆ
وەزیری دەرەوەی یۆنان نیکۆس دیندیاس و وەزیری دەرەوەی تورکیا مەولود چاوش ئۆغلۆ

وەزیرانی دەرەوەی یۆنان و تورکیا لە ئەسینا ڕایانگەیاند وەکو دەستپێشخەرییەک بۆ هێورکردنەوەی ململانێ سیاسییەکانی نێوانیان لە مانگی شەشدا ڕابەرانی دوو وڵاتەکە کۆدەبنەوە.

وەزیری دەرەوەی یۆنان نیکۆس دیندیاس لەکۆتایی کۆبوونەوەکەیدا لەگەڵ هاوتا تورکییەکەی مەولود چاوش ئۆغلۆ ڕایگەیاند لە 14 ی مانگی شەش لەمیانەی کۆبوونەوەکەی هاوپەیمانێتی ناتۆدا سەرۆک وەزیری یۆنان کیریاکۆس میتسوتاکیس چاوی بە سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆگان دەکەوێت.

هەروەها ئامانج لە کۆبوونەوەکەی دوو وەزیرەکە لە ئەسینا ئەوە بووە " تێگەیشتنێکی پێشوەخت " هەبێت و " قۆناغ بە قۆناغ " پەیوەندییەکانی نێوان یۆنان و تورکیا باش ببنەوە.

لەلای خۆیەوە وەزیری دەرەوەی تورکیا مەولود چاوش ئۆغلۆ وتی وڵاتەکەی دەیەوێت گفتوگۆکان لەگەڵ یۆناندا " بەبێ هیچ مەرجێکی پێشوەخت " بەردەوام بێت.

بەپێی شیکەرەوە سیاسییەکانی یۆنان، لە ئێستادا ئەردۆگان پشتیوانی لە ئەنجامدانی گفتوگۆ دەکات لەگەڵ یۆناندا لەمیانەی کۆبوونەوەکەی هاوپەیمانێتی ناتۆدا کە سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدنیش ئامادەی ئەو کۆبوونەوەیە دەبێت.

مامۆستای زانکۆی بانثیۆن لە ئەسینا بۆ کاروباری ئەوروپا کۆستاس لاڤداس وتی " لە ئێستادا تورکیا هەوڵی نزیکبوونەوە دەدات بەڵام بە مەرجی تایبەتی خۆی."

وتیشی " تورکیا پێویستی بەوەیە هەڵوێستێکی ئەرێنی هەبێت " پێش کۆبوونەوەکەی ئەوروپا کە وابڕیارە لە کۆتایی مانگی شەشدا بەڕێوەبچێت و تیایدا تاوتوێی پەیوەندییەکانی نێوان ئەنقەرە و یەکێتی ئەوروپا دەکرێت.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG