Accessibility links

ڕوانینی ئەردۆغان لەسەر بڕیارەکەی دادگای باڵای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا بۆ ئازادکردنی سەڵاحەدین دەمیرتاش


سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ڕۆژی چوارشەممە دادگای باڵای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپای بە دووڕوو وەسف کرد، بۆ ئەوەی داوای لە تورکیا کردووە سیاسەتمەداری کوردی زیندانیکراو ئازاد بکات، و دەڵێت بەرگری لە " تیرۆرستێک" دەکات.

دادگای باڵای مافی مرۆڤی ئەوروپا ڕۆژی سێشەممە بڕیاری دا، کە سەڵاحەدین دەمیرتاش، سەرۆکی پێشووی پارتی دیموکراتی گەلان -هەدەپە، دەستبەجێ ئازاد بکرێت.

دادگاکە گوتی، پاساوی تورکیا بۆ دەستبەسەرکردنی زیاتر لە چوار ساڵی ئەو بە تۆمەتەکانی پەیوەندیدارن بە تیرۆرسمەوە بیانویەکە بۆ سنووردارکردنی پلۆرالیزم و گفتوگۆی سیاسی.

پارێزەرەکانی دەمیرتاش بڕیارەکەیان بەرز نرخاند و هاوپەیمانانی ڕۆژئاوایش داوا لە تورکیا دەکەن بڕیارەکە جێبەجێ بکات. لە کاتێکدا ئەم جۆرە بڕیارانە لە ڕووی یاساییەوە پێویستە جێبەجێ بکرێن ، بەڵام تورکیا چەند جارێک جێبەجێی نەکردون بۆ نمونە بڕیارەکەی پێشوی دادگاکە لەسەر دۆسێی دەمیرتاش.

لە میانەی لێدوانێکیدا بۆ ئەندامانی ئاکەپە، کە ڕیشەیەکی ئیسلامی هەیە، ئەردۆغان گوتی دادگای باڵای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا پشتیوانی لە تیرۆرستێک دەکات" و ئەو ڕوانینەی دووپاتکردەوە کە دەمیرتاش بەرپرسیارە لە مەرگی دەیان خۆپیشاندەر کە ئەمەش کڕۆکی ئەو دۆسێیانەیە کە لە دژین.

سەرۆکی تورکیا گوتیشی " بڕیارەکە لەسەر ئەوەیە کەسێک دەمامکی سیاسەتمەداری لەخۆ پێچاوەو هۆگری پەکەکەیە و بەرپرسی لە خوێنڕشتنی دەیان کەس." ئەو گوتیشی دادگای باڵای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا ناتوانێت لەبری دادگاکانی تورکیا بڕیار بدات.

XS
SM
MD
LG