Accessibility links

ترامپ لە ویلایەتی ئایەوا سەرکەوت


سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ لە کۆنگرەی پارتی کۆمارییەکانی ئەمەریکادا لە ویلایەتی ئایەوا بۆ دەستنیشانکردنی بەربژێرەکان بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمەریکا سەرکەوت، ویلایەتی ئایەوا یەکەمین ویلایەت بوو کە ئەو کۆنگرەیەی تێدا ئەنجامدرا و لە سەرجەم ویلایەتەکانی دیکەدا بە شێوەی کۆنگرەی پارتەکە (کاکسس) یان هەڵبژاردنی بەرایی کە لەلایەن حکومەتی ویلایەتەوەکەوە بەڕێوە دەچێت (پرایمەری) ئەنجام دەدرێت.

لە کۆنگرەکانی پارتەکەدا، ویلایەتەکان بەربژێرەکان دەستنیشان دەکەن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمەریکادا کە بڕیارە لە مانگی یانزەی ئەم ساڵدا بەڕێوەبچێت.

ترامپ نیوە زیاتری دەنگەکانی بە دەستهێنا، نزیکەی لە سەدا 51 ی دەنگەکانی بە دەستهێنا، هاوکات فەرمانڕەوای ویلایەتی فلۆریدا ڕان دیسانتیس پلەی دووهەمی بە دەستهێنا و لە سەدا 21 ی دەنگەکانی بە دەستهێنا، فەرمانڕەوای پێشووی ویلایەتی کارۆلاینای باشوور نیکی هەیڵی پلەی سێیەمی بە دەستهێنا و لە سەدا 19 ی دەنگەکانی ویلایەتی ئایەوای بە دەستهێنا.

ترامپ لە وتارێکی سەرکەوتنیدا بە لایەنگرەکانی وت " ئەمە ئەزموونێکی زۆر سەرسوڕهێنەر بووە، وتییان ئەگەر بە لە سەدا 12 سەربکەویت ئەوا ئەوە سەرکەوتنێکی گەورە دەبێت. وتییان ئەوە زۆر قورس دەبێت، بەڵام زیاتر لە دوو ئەوەندەی ئەوەمان بە دەستهێنا."

ئەو ژمارەیەی کە بەربژێرەکان چاودێری دەکەن لە ماوەی پڕۆسەی دەستنیشانکردنییاندا ژمارەی ئەو نوێنەرانەیە کە کۆی دەکەنەوە، هاوکات ژمارەی دەنگەکان لە هەر ویلایەتێکدا ژمارەی ئەو نوێنەرانە دیاری دەکەن کە بۆ بەربژێرێک تەرخان دەکرێت، لە هەوڵییاندا بۆ گەیشتن بە 1215 نوێنەر کە پێویستە بۆ بردنەوەی زۆرینەی دەنگەکان.

ئایەوا بەهۆی گرنگییەکەیەوە وەکو یەکەم ویلایەت کە کێبڕکێکەی تێدا کرا تا ڕادەیەک لە ڕووی نوێنەرانەوە بچووکە، ئێستا ترامپ بە سەرکەوتنی لەو ویلایەتەدا 20 نوێنەری بە دەستهێنا، دیسانتیس هەشت نوێنەر و هەیڵی حەوت نوێنەر.

دوابەدوای ویلایەتی ئایەوا، کێبڕکێکە دەچێتە دووهەمین ویلایەت، کە ویلایەتی نیو هامشەرە و هەفتەی داهاتوو کیبڕکێکەی تێدا بەڕێوەدەچێت، دواتریش لە کۆتایی مانگی دوودا لە ویلایەتی کارۆلاینای باشوور بەڕێوەدەچێت.

هەیڵی خۆی بە " نەوەیەکی نوێی سەرکردایەتی پارێزگاران " ناودەبات، لە کاتێکدا کە ئەنجامەکانی ڕۆژی دووشەممە و کۆنگرەکانی دیکە کێبڕکێکەی لەگەڵ ترامپی پێشەنگدا بچووکتر دەکاتەوە.

هەیڵی وتی " ئەگەر سەیری ئەوە بکەیت کە چەند باشین لە نیو هامشەر و کارۆلاینای باشوور و سەروو ئەوانەشەوە، دەتوانم بڵێم ئایەوە کێبڕکێکەی کۆمارییەکانی کرد بە کێبڕکێی نێوان دوو کەس." ئەوەش وەکو ئاماژەیەک بۆ خۆی و ترامپ.

دیسانتیس خۆکاندیکردنی بۆ سەرۆکایەتی وەکو " هیوایەک بۆ داهاتووی ئەمەریکا " ناوبردووە، لە کاتێکدا کە سوپاسی لایەنگرەکانی کرد لەسەر پشتیوانیکردن لێی سەرەڕای ئەوەی پێی وابووە " هەمووان لە دژی ئێمەن " لە ئایەوە.

وتی " کاری زۆرمان هەیە بیکەین، بەڵام دەتوانم ئەمەتان پێبڵێم، وەکو سەرۆکی دواتری ئەمەریکا کارەکە بۆ ئەم وڵاتە جێبەجێ دەکەم."

ئەو ویلایەتانەی کە پێشوەخت دەنگدانەکانییان تێدا بەڕێوەدەچێت داوایان کردووە کەمپینی ئەو کاندیدانەی سەرۆکایەتی ڕابگیرێت کە باش نین، کۆنگرەکەی ڕۆژی دووشەممەش کۆتایی بە کەمپینەکەی ڤیڤیک ڕاماسوامی هێنا کە خاوەنکارێکی بایۆتەکنەلۆجیایە.

دوای ئەوەی لە ئایەوا پلەی چوارهەمی بە دەستهێنا و لە سەدا 7.7 ی بە دەستهێنا، ڕاماسوامی ڕایگەیاند کەمپینەکەی بۆ سەرۆک دەبێت و پشتیوانی لە ترامپ دەکات لە کێبڕکێکەدا.

تەنانەت پێش دەنگدانەکەی ئایەوەش، نەبوونی لایەنگریی، کۆتایی بە چەندین کەمپینی کاندیدی دیکەی کۆمارییەکان هێنا، لەوانەش جێگری پێشووی سەرۆکی ئەمەریکا مایک پێنس و فەرمانڕەوای پێشووی نیوجێرزی کریس کریستی و سیناتۆری کۆمارییەکان تیم سکات.

لە کاتێکدا کە کێبڕکێکە بچووک بووەتەوە، کۆمارییەکان تاوەکو کۆنگرەی پارتەکەیان لە مانگی حەوتدا بە فەڕمی بەربژێرەکەیان بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمەریکا ڕاناگەیەنن، هاوکات پێشبینی دەکرێت دیموکراتەکان لە کۆنگرەکەی مانگی هەشتییاندا بایدن وەکو بەربژێری خۆیان ڕابگەیەنن.

لە کۆتاییدا، زۆربەی ڕاپرسییەکان و شیکەرەوە سیاسییەکان پێیان وایە کێبڕکێیەکی دیکە دەبێت لە نێوان دوو سیاسییە پیرەکەدا، ترامپی 77 ساڵ و بایدنی تەمەن 81 ساڵ. لە ساڵی 2020 دا بایدن توانی سەرکەوتن بەسەر ترامپدا بە دەستبهێنێت و هەوڵەکەی ترامپی بۆ خولێکی دیکەی سەرۆکایەتی شکستپێهێنا.

ترامپ ڕووبەڕووی 91 دۆسییەی تاوان بووەتەوە، ئەوەش لە چوارچێوەی چوار تۆمەتی تاوان و دادگاییکردندا. هەندێک لە دۆسییەکان ڕەنگە لە چەند مانگی داهاتوودا ڕووبدەن، یەکێکییان لە واشنتنە و بڕیارە لە 4 ی مانگی سێدا ئەنجام بدرێت، لەو دۆسییەیەدا ترامپ بە تۆمەتی هەوڵدان بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2020 تۆمەتبار کراوە. بەڵام ئەو دۆسییانە کاریگەرییەکی کەمییان هەبوو لە دەنگدانەکەی ئایەوادا.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG