Accessibility links

بەرپرسێکی کۆریای باشوور: سەرۆک ترامپ لەگەڵ سەرۆکی کۆریای باکوور کیم جۆنگ ئوندا کۆدەبێتەوە


سەرۆکی ئۆفیسی ئاسایشی نیشتیمانی کۆریای باشوور چۆنگ ئوی یۆنگ ڕایگەیاند سەرۆکی ئەمەریکا لە مانگی پێنجدا لەگەڵ ڕابەری کۆریای باکوور کیم جۆنگ ئوندا کۆدەبێتەوە.

وتیشی کیم جۆنگ ئون بەڵێنیداوە چیتر تاقیکردنەوەی ناوەکیی یاخوود موشەکیی ئەنجام نەدات.

سەرۆکی ئۆفیسی ئاسایشی نیشتیمانی کۆریای باشوور چۆنگ ئوی یۆنگ لە دەرەوەی کۆشکی سپی ئەم لێدوانەی دا و وتی سەرۆک ترامپ حەز دەکات چاوی بە کیم بکەوێت، ئەمەش دوای ئەوەی ڕابەری کۆریای باکوور کیم جۆنگ بە فەڕمی لە نامەیەکدا بۆ سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ پێشنیاری کۆبوونەوەیەکی کردووە لەگەڵیدا و لەڕێی چۆنگەوە نامەکەی پێ گەیاندووە.

چۆنگ وتیشی مەشقە هاوبەشەکانی نێوان ئەمەریکا و کۆریای باشوور لە مانگی چواردا ئەنجام دەدرێن و کیم جۆنگ ئونیش تێگەیشتووە و وتوویەتی ئەو جۆرە مەشقانە پێویستن.

هەروەها لە ڕاگەندراوێکی کۆشکی سپیدا سەبارەت بە بابەتەکە وتەبێژی کۆشکی سپی سارا ساندەرس وتی سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ ڕازی دەبێت بە داواکەی سەرۆکی کۆریای باکوور کیم جۆنگ ئون بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆ.

XS
SM
MD
LG