Accessibility links

سەرۆک تڕامپ بۆ دەستپێکردنەوەی کارەکانی حکومەت چەندین پێشنیار بۆ دێمۆکڕاتەکان پێشکەش دەکات


سەرۆک ترامپ لە کۆشکی سپی، ١٩ی مانگی ١ی ٢٠١٩ی زاینی

بە گوتەی سەرۆکی ئەمەریکا بە پەسندکردنی ئەو پێشنیارە، ڕاگرتنی کارەکانی حکومەت کۆتایی پێدێت و هەر دووک پارتی بۆ چاکسازی یاساکانی کۆچبەری دەتوانن هەنگاوبنێن.

سەرۆک تڕامپ لە ماوەی گوتارێکی لە کۆشکی سپی پێشنیاری بە دێمۆکڕاتەکانی کۆنگرێس کرد کە دابینکردنی بودجەی سنوری، درێژکردنەوەی ماوەی مانەوەی منداڵانی کۆچبەرانی ناسایی ناسراو بە داکا پەسند بکەن بۆ ئەوەی کۆتایی بە ڕاگرتنی کاری حکومەت بێنن.

کاردانەوەی دێمۆکڕاتەکان ئەوەیە کە چاوەڕوانی دەکەن لە پێشدا کاری حکومەت دەستپێبکاتەوە، پاشان سەبارەت بە بودجەی دیواری سنوری وتووێژ بکەن.

سەرۆک تڕامپ ئێوارەی شەمە بە کاتی خۆرهەڵاتی ئەمەریکا لە کۆشکی سپی گوتی: تەرخانکردنی ٨٠٠ ملیۆن دوڵار بۆ کومەکی مرۆڤ دۆستانە، ٨٠٥ ملیۆن دوڵار بۆ دۆزینەوەی بەنگ و موخەدەرات لە سنوورەکانمان، ڕاکێشانی هێزی زیاتر لە سنوورەکان و دیاریکردنی ٧٥ دادوەر بۆ پێداهاتنەوە بە دەوری ٩٠٠ هەزار پەروەندە لە سنوری ئەمەریکا لە ئەو پێشنیارانەن کە پێشکەشم کردوون.

ئەو هەروەها پێشنیاری کرد کە دۆخی دەوری ٧٠٠ هەزار لە منداڵانی ئەوانەی نایاسایی هاتوونە ولات، و دەوری ٣٠٠ هەزار لە ئەو کەسانەی کە بە شیوەی یاسایی بۆ ماوەیەکی کەم دەتوانن بمێننەوە، هەتا سێ ساڵی دیکە درێژتر بکرێنەوە.

ئەو گوتی کە ئەمەریکا کۆچبەرانی یاسایی پەسند دەکات و لە نێو دانیشتوانی ئەمەریکا بە گوێرەی پێشینەکانیان جیاوازیان بۆ دانانێت.

ئەو گوتی ڕیبازی کۆچبەری ئەمەریکا ماوەیەکی درێژ کەم و کووڕی تێدابووە و ئەمەریکا ئێستا ئاکامی کارەساتباری ئەو ڕیبازە دەبینێت.

هەروەها جەختی کرد کە ئەمەریکا ئێستا لە گەڵ قەیرانی مرۆڤایەتی و ئاسایش لە باکوری ولات دا بەرەوروویە و هەزاران منداڵ و ژن لە لایەن قاچیانی مرۆڤەوە کەڵکی خراپیان لێوەردەگیرێن. ئەو گوتی بەنگ و موخەدەراتێکی زۆر لە سنوورکانی باشوور ڕا بۆ نێو ئەمەریکا دێت و ئەوەش ئەنجامی ڕووخێنەری دەبێت.

ئاماژەشی پێدا کە لە هەڵبژاردنەکان دا بەڵێنی دابوو کە ئەو قەیرانانە چارەسەربکات و بە بەڵێنی خۆی وەفادارە.

بە گوێرەی ئاسۆشێتدپرێس، نانسی پێلۆسی ڕێبەری زۆرینەی دێمۆکرات لە ئەنجومەنی نوێنەران گوتی ڕاپۆرتەکانی سەرەتایی سەبارەت بە پێشنیاری سەرۆک ئەوە نیشان دەدەن کە پێشنیارەکانی لە ئەو چەشنە نین کە پەسند بکرێن.

خانمی پێلۆسی لە وەڵامی خۆی دا گوتویەتی کە دێمۆکراتەکان جەخت لە سەر دەزگاکانی ئەو تۆ دەکەن کە بتوانن بۆ دۆزینەوەی بەنگ و موخەدەرات یاریدەدەر بن و ڕیگای نایاسایی بۆ دەربازبوون لە سنوور بگرن.

هەروەها گوتیشی کە دیمۆکراتەکان ئەو حەوتوە شەش گەڵاڵە پێشکەش دەدکەن کە ئەگەر کۆمارییەکان دەنگیان پێبدەن، ئەوە دەتوانێت سەرەتایەک بۆ وتووێژ بێت.

XS
SM
MD
LG