Accessibility links

سەرۆک ترامپ دەست وەردەداتە قەیرانی جیابوونەوەی بەڕیتانیا لە یەکێتی ئەوروپا


سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ ڕۆژی دووشەممە دەگاتە بەڕیتانیا دوای ئەوەی هەوڵەکانی سەرۆک وەزیری بەڕیتانیا تێریزا مەی سەبارەت بە جیابوونەوەی بەڕیتانیا لە یەکێتی ئەوروپا بە کەم زانی و داوای لێکرد توندتر بێت لە مامەڵەکردن لەگەڵ کۆمپانیای هواوی چینیدا.

سەرۆک ترامپ و میلانیای خێزانی لەمیانەی سەردانە سێ ڕۆژەییەکەیاندا بۆ بەڕیتانیا لەگەڵ کۆمەڵێک لە ئەندامانی خێزانی شاهانەی بەڕیتانیادا کۆدەبنەوە و چاویان بە هەریەک لە شاژنە ئیلیزابێث و شازادە چاڕڵز دەکەوێت و سەردانی کۆشکی بەکینگهام دەکەن، دواتر سەردانی کڵێسای وێستمنستەر ئابی دەکەن کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ زیاتر لە هەزار ساڵ لەمەوبەر.

سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ داوا دەکات ئەو کەسەی جێی سەرۆک وەزیری ئێستای بەڕیتانیا تێریزا مەی دەگرێتەوە بە توندی پشتیوانی لە جیابوونەوەی بەڕیتانیا بکات لە یەکێتی ئەوروپا. هەروەها نوێنەرانی سەرۆک ترامپ داوایان لە بەڕیتانیا کردووە هەڵوێستیان توندتر بێت بەرامبەر کۆمپانیای هواوی چینی.

سەرۆک ترامپ لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ڕۆژنامەی سەندەی تایمز وتی ڕابەری نوێی بەڕیتانیا دەبێت نایجڵ فاراج بنێرێت بۆ وتوێژکردن لەگەڵ یەکێتی ئەوروپادا سەبارەت بە جیابوونەوەکە. وتیشی پێویستە لەسەر بەڕیتانیا لەمساڵدا لە یەکێتی ئەوروپا جیاببێتەوە.

سەرۆک ترامپ وتی " دەبێت کۆتایی بەمە بهێنن. دەبێت کۆتایی بەم ڕێکەوتنە بهێنن."

سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ وتیشی بەشداری پێنەکردنی نایجڵ فارانجی ڕابەری حیزبی برێکست لە وتوێژکانی بڕۆکسلدا هەڵەیە دوای ئەوەی فاراج مانگی ڕابردوو لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی یەکێتی ئەوروپادا سەرکەوتنی بەدەستهێنا.

سەرۆک ترامپ وتی " نایجڵم خۆش دەوێت چونکە ئەو شتی زۆر پێیە پێشکەشی بکات و کەسێکی زۆر زیرەکە."

وتیشی " ئەوان بەشداری پێناکەن بەڵام پێم وایە ئەگەر بەشداری پێبکەن ئەوا شتێکی ڕاست دەکەن."

هەروەها سەبارەت بە تێچووی جیابوونەوە لە یەکێتی ئەوروپا سەرۆک ترامپ وتی " ئەگەر من بم لەشوێن ئەوان 50 ملیار دۆلارم نەدەدا، ئەوە ژمارەیەکی گەورەیە."

بەڵام ڕاوێژکاری ئاسایشی ئەمەریکا جۆن بۆڵتن ڕۆژی پێنجشەممە وتی ئەمەریکا نایەوێت دەست وەربداتە جیابوونەوەی بەڕیتانیاوە لە یەکێتی ئەوروپا یاخود وتوێژکردن لەسەر سیاسەتی داهاتووی بەڕیتانیا.

لەمیانەی کۆبوونەوە چاوەڕوانکراوەکەیدا لەگەڵ تێریزا مەی، واپێشبینی دەکرێت سەرۆک ترامپ هۆشیاری بداتە بەڕیتانیا لەوەی ئەگەر لەندەن ڕێگە بدات بە کۆمپانیای هواوی چینی بەشەکانی تۆڕی نەوەی پێنجەم بۆ پەیوەندییەکان دروست بکات ئەوا کاریگەری دەبێت لەسەر هاریکاری ئاسایشی نێوان ئەمەریکا و بەڕیتانیا.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG