Accessibility links

سەرۆک ترامپ گەشتە ئاسمانیەکان لە ئەوروپاوە بۆ ئەمەریکا قەدەغە دەکات


سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ لەمیانەی وتارێکی تەلەفیزیۆنیدا سەبارەت بە هەوڵەکان بۆ ڕووبەڕوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا وتی هەموو گەشتە ئاسمانیەکان لە کیشوەری ئەوروپاوە بۆ ئەمەریکا قەدەغە دەکات بەمەبەستی دانانی سنوورێک بۆ بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە.

سەرۆک ترامپ ڕاستەوخۆ لە تەلەفیزیۆن قەدەغەکردنی گەشتەکەی ڕاگەیاند و وتیشی " ئەمە قەیرانی ئابووری نیە. ئەمە تەنها ساتێکی کاتیە لە ژیانماندا و پێکەوە وەکو نەتەوەیەک و وەکو جیهان تێیدەپەڕێنین."

"دەبێت ڕێگە بە بڵاوبوونەوەی زیاتری ڤایرۆسەکە نەدەین، بۆ ماوەی 30 ڕۆژ گەشتەکان لە ئەوروپاوە بۆ ئەمەریکا قەدەغە دەکەین."

هەروەها وتی " پێشتر لە چین خەڵکمان ڕزگار کرد و ئێستاش دەبێت هەمان هەنگاو بنێین لەگەڵ ئەوروپادا." ئاماژەشی بەوەدا قەدەغەکردنەکە بەڕیتانیا و ئەو هاوڵاتیە ئەمەریکیانە ناگرێتەوە کە " پشکنینی باشیان بۆ کراوە." ئەوەشی خستەڕوو ئەمەریکا چاودێری بارودۆخەکە دەکات بۆ ئەوەی بزانێت دەکرێت زووتر قەدەغەکردنەکە لاببات یاخود نا.

دوای لێدوانەکەی سەرۆک ترامپ وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا هۆشیاریدایە هاوڵاتیانی ئەمەریکا لەسەر گەشتکردن بۆ " دەرەوەی وڵات." ئەمەش بەهۆی مەترسی ڤایرۆسەکەوە.

بەشێک لەو وڵاتانەی قەدەغەکردنەکە دەیانگرێتەوە فەڕەنسا و ئیتاڵیا و ئەڵمانیا و یۆنان و بەلجیکا و نەمسان، لەکاتێکدا سەرۆک ترامپ وتی قەدەغەکردنەکە هەموو ئەوروپا دەگرێتەوە، کاربەدەستانی ئاسایشی نیشتیمانی ڕوونیان کردەوە قەدەغەکردنی گەشتەکە تەنها ئەو وڵاتانە دەگرێتەوە کە " لە ناوچەی شنگندان." کۆشکی سپیش وتی ئەو ناوچانە زۆرترین ڕێژەی توشبووانیان هەیە بە ڤایرۆسی کۆرۆنا.

سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ پێشتر دەیویست لە مەترسی ڤایرۆسەکە کەم بکاتەوە بەڵام ڕووداوەکانی ڕۆژی چوارشەممە هەلومەرجەکەی گۆڕی. بۆنە گشتیەکان هەڵوەشێندرانەوە و زانکۆکان وانە وتنەوەکانیان ڕووبەڕوو هەڵوەشاندەوە. ژمارەی توشبووانی ڤایرۆسەکە لە ئەمەریکا گەیشتە زیاتر لە 1000 کەس. ڕێکخراوی تەندروستی جیهانیش ڕایگەیاند ڤایرۆسی کۆرۆنا پەتایەکی جیهانیە.

دوای وتارەکەی سەرۆک ترامپ، وەزیری بەرگری ئەمەریکا مارک ئێسپەر ژمارەیەک هەنگاوی ڕاگەیاند، لەوانەش بۆ ماوەی 60 ڕۆژ کۆتوبەند دەخرێتە سەر گەشتکردنی سەربازان و کارمەندانی وەزارەتی بەرگری و خێزانەکانیان بۆ چوار وڵات، چین و ئێران و کۆریای باشوور و ئیتاڵیا.

XS
SM
MD
LG