Accessibility links

سەرۆک ترامپ: ئەمەریکا هیچ سوودێکی نەبینیوە لە پشتیوانیکردنی پاکستان


سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ وتی ئەمەریکا بۆ ماوەی 15 ساڵە گەمژانە یارمەتی پێشکەشی پاکستان کردووە کە بڕی یارمەتییەکان دەگاتە 33 ملیار دۆلار، سەرەڕای ئەوەی لەبەرامبەردا هیچ شتێکی وەرنەگرتووە و بەڵێنیدا ئەو یارمەتییانە بوەستێنێت.

سەرۆک ترامپ لە تویتەر نوسیویەتی " شوێنی پارێزراو بۆ ئەو تیرۆریستانە دابین دەکەن کە ئێمە لە ئەفغانستان چاودێریان دەکەین و هیچ یارمەتییەکیان نەداوین کە جێی باسکردن بێت."

وتیشی "ئەمەریکا بۆ ماوەی 15 ساڵە گەمژانەی یارمەتی پێشکەشی پاکستان کردووە کە بڕی یارمەتییەکان دەگاتە 33 ملیار دۆلار و ئەوانیش جگە لە درۆ و هەڵخەڵەتاندن هیچ شتێکی دیکەیان نەداوینەتێ و پێیان وابووە سەرۆکەکانمان گەمژەن."

بەرپرسێکی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتیمانی ئەمەریکا وتی " کۆشکی سپی بەنیاز نیە ئەمجارە 255 ملیۆن دۆلار وەکو یارمەتی ڕەوانەی پاکستان بکات و بەڕێوبەرایەتییەکە بەردەوام دەبێت لە پێداچوونەوە بە ئاستی هاریکارییەکانی پاکستاندا."

جێی ئاماژەیە تا ئێستا نەزانراوە چی وای لە سەرۆک ترامپ کردووە ڕەخنە لە پاکستان بگرێت بەڵام لەمێژە هۆشیاری دەدات سەبارەت بە ئیسلام ئاباد لەسەر ئەوەی کە هەوڵی تەواو نادەن بۆ بەرپەرچدانەوەی چەکدارە توندڕەوە ئیسلامییەکان.

ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز لە 29ی مانگی دوانزەدا ئاماژەی بەوەدابوو کە بەڕێوبەرایەتییەکەی سەرۆک ترامپ بە وردی بیر لەوە دەکەنەوە کە ئایا یارمەتیەکان بوەستێنن بۆ پاکستان یاخوود نا، بڕی یارمەتییەکانیش 255 ملیۆن دۆلارە.

ڕۆژنامەکە ئاماژەشی بەوەدابوو کە بەرپرسانی ئەمەریکی هەوڵیانداوە چاویان بە ئەندامێکی تۆڕی حەقانی بکەوێت کە سەر بە تاڵیبانن دوای ئەوەی لە پاکستان دەستگیرکراوە، لە هەوڵیاندا بۆ بەدەستهێنانی زانیاری سەبارەت بەو ئەمەریکییەی کە وەکو دیل گیراوە بەڵام داواکەیان ڕەت کرابۆوە.

وەزیری دەرەوەی پاکستان خەواجە ئاسف لە تویتەر نوسیویەتی " بەمزووانە وەڵامی تویتەکەی سەرۆک ترامپ دەدەینەوە و وا دەکەین کە جیهان ڕاستییەکە بزانن، جیاوازی نێوان ڕاستییەکان و خەیاڵ."

بەڕێوبەرایەتییەکەی سەرۆک ترامپ لە مانگی هەشتدا وتی یارمەتییەکان بە بڕی 255 ملیۆن دۆلار بۆ پاکستان دوادەخات. مانگی پێشووش سەرۆک ترامپ وتی " ساڵانە ئەمەریکا بڕە پارەیەکی زۆر دەدات بە پاکستان. بۆیە دەبێت یارمەتی پێشکەش بکەن."

لەلای خۆشیانەوە پاکستان وەڵامی ئەمانە دەداتەوە بەوەی کە ئەرکی سەربازییان لەدژی توندڕەوان ئەنجامداوە و لە ساڵی 2001 ەوە نزیکەی 17 هەزار پاکستانی لەمیانەی شەڕیاندا دژی توندڕەوان کوژراون.

نوێنەری ئەفغانستان لە واشنتن وتی " تویتەکەی سەرۆک ترامپ هاندەرێک دەبێت بۆ ئەفغانییەکان کە بۆ ماوەیەکی زۆرە بە دەست ئەو تیرۆریستانەوە دەناڵێنن کە لە پاکستان جێگیر کراون."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG