Accessibility links

ئەمەریکا هەڕەشەی ئەوە دەکات یارمەتییەکان بۆ فەڵەستین بوەستێنێت


سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ لە تویتێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر نوسیوویەتی ئەمەریکا لەوانەیە لە داهاتوودا یارمەتییەکان بۆ فەڵەستینیەکان ڕابگرێت و تۆمەتباری کردن بەوەی چیتر ئامادە نین بەشدار بن لە دانوستانەکانی ئاشتیدا لەگەڵ ئیسڕائیل.

سەرۆک ترامپ وتی واشنتن ساڵانە سەدان ملیۆن دۆلار دەداتە فەڵەستینیەکان و هیچ ڕێزێک و پێزانینێک لە بەرامبەردا وەرناگرێت. ئەوان تەنانەت ناشیانەوێت دانوستان لەسەر ڕێکەوتنامەی ئاشتی بکەن لەگەڵ ئیسڕائیلدا."

وتیشی " کە فەڵەستینییەکان چیتر ئامادە نەبن بەشداری لە دانوستانەکانی ئاشتیدا بکەن، کەواتە ئێمە بۆچی لە داهاتوودا ئەو بڕە پارە زۆرەیان پێبدەین؟"

نوێنەری ئەمەریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان نیکی هەیڵی لە وەڵامی ڕۆژنامەنووساندا سەبارەت بە کۆمەکی ئەمەریکا بۆ پەنابەرانی فەڵەستین وتی " سەرۆک وتوویەتی بەشێوەیەکی سەرەکی نایەوێت هیچ پارەیەکی زیادە بدات، یان کۆمەکییەکە بوەستێنێت، هەتا ئەو کاتەی فەڵەستینییەکان ئامادە دەبن بەشداری بکەنەوە لە دانوستانەکاندا."

جێی ئاماژەیە ئەمەریکا یەکێکە لە گەورەتری بەخشەرانی پەنابەرانی فەڵەستین و هەتاکوو ساڵی 2016 نزیکەی 370 ملیۆن دۆلاری بۆ تەرخان کردوون.

پەیوەندییەکانی نێوان واشنتن و فەڵەستین تێکچوو دوای ئەوەی مانگی ڕابردوو سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ قودسی وەکو پایتەختی ئیسڕائیل ناساند و ئەوەش بووە هۆی کەوتنەوەی کاردانەوەیەکی زۆر لە جیهاندا بە جیهانی ئیسلامی و وڵاتانی هاوپەیمانی ئەمەریکاشەوە.

دوای ئەوە بە هەفتەیەک زیاتر 120وڵاتی کۆمەڵەی گشتی لە دژی بڕیارەکەی سەرۆک ترامپ دەنگیاندا بۆ ئەوەی ئەمەریکا واز لەو هەڵوێستەی بهێنێت کە بەرامبەر قودس هەیەتی.

هەیڵی وتی " ئەوەی بینیمان سەبارەت بە بڕیارەکەی قودس بەسوود نەبوو بۆ فەڵەستینییەکان."

وتیشی " ئێستا فەڵەستینییەکان دەبێت بۆ جیهانی پیشان بدەن کە دەیانەوێت دانوستاندن ئەنجام بدەن. هەتا ئێستا ئەوان نایەن بۆ دانوستانەکان بەڵام داوای یارمەتی دەکەن. ئێمە یارمەتی پێشەکەش ناکەین ، کار دەکەین تاوەکوو ئەوان ئامادە دەبن بێنە سەر مێزی گفتوگۆکان و ئەو کاتە بەردەوام دەبین لەسەر پڕۆسەی ئاشتی."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG