Accessibility links

ڕۆژی چوارشەممە سەرۆک ترامپ سەرۆکایەتی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دەکات


سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ ڕۆژی چوارشەممە سەرۆکایەتی دانیشتنێکی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات کە ئامانج لێی گفتوگۆکردنە لەسەر چالاکیە خراپەکانی ئێران لە ناوچەکەدا.

ئەمەریکا سەرۆکایەتی خولی ئەمجارەی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایش دەکات کە لە 15 وڵات پێکهاتووە و هاوکاتە لەگەڵ کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک.

نوێنەری ئەمەریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان نیکی هەیڵی بە ڕۆژنامەنووسانی وت " من دڵنیام لەوەی ئەم کۆبوونەوەیەی ئەنجومەنی ئاسایش زۆرترین بینەری دەبێت لە چاو کۆبوونەوەکانی دیکەدا."

بەرپرسێکی باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت وتی " پێم وانیە بە هیچ شێوەیەک کۆبوونەوەکە خۆش بێت."

وتیشی " تەنانەت ئەوانەشی کە خۆشیان ناوێت هەر سەرۆکی وڵاتێک یان سەرۆکی حکومەتێک کاتێک ڕووبەڕووی هەر سەرۆکێکی ئەمەریکا دەبنەوە بەشێوەیەکی باشتر ڕەفتار دەکەن."

جێی ئاماژەیە زۆر دەگمەنە لە ئەنجومەنی ئاسایشدا کۆبوونەوە لەسەر ئاستی سەرۆک وڵات و سەرۆک حکومەت بکرێت. ئەمە سێیەمین جاری دەبێت سەرۆکێکی ئەمەریکا سەرۆکایەتی کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی ئاسایش بکات. لەو کاتەدا ئەنجومەنەکە دەتوانێت سزا بسەپێنێت یاخوود فەرمان بە بەکارهێنانی هێزی سەربازیی بکات.

بەڵام نیکی هەیڵی وتی " هیچ نیازێکمان نیە بۆ دەرکردنی هیچ بڕیارێک لە کۆبوونەوەکەی ڕۆژی چوارشەممەدا."

نیکی هەیڵی لە ماوەی ڕابردوودا وتیشی " دەمانەوێت دڵنیا ببینەوە لەوەی کە ئێران تێبگات جیهان چاودێری دەکات. ئەوە گەورەترین پاڵنەری ئەم کۆبوونەوەیەیە."

یەکێک لە بابەتەکانی کۆبوونەوەکە قەدەغەکردنی چەکی کۆمەڵکوژ دەبێت کە بابەتێکی فراوانە و ڕێگە بە سەرۆکەکان دەدات کۆمەڵێک خاڵی جیاواز بوروژێنن لە کۆریای باکوورەوە هەتاوەکو هێرشە کیماییەکان لە سوریا و بەڕیتانیادا.

بەڵام سەرۆک ترامپ لە تویتێکیدا ئاماژەی بەوەدا کە سەنگ دەخاتە سەر ئێران و وتی کۆبوونەوەکەی ئەنجومەنی ئاسایشی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە ئێران دەبێت. ئێرانیش ئەمەریکای تۆمەتبار کرد بەوەی هەوڵدەدات سوود لە سەرۆکایەتی ئەنجومەنی ئاسایش وەربگرێت.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG