Accessibility links

ڕۆژنامەیەکی لەندەن: لە سەرەتای ساڵی 2018 دا سەرۆک ترامپ بە سەردانێکی کار دەچێت بۆ بەڕیتانیا


ڕۆژنامەی لەندەن ئیڤنین ستانداردی بەڕیتانی وتی سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ لە سەرەتای ساڵی 2018 دا بە سەردانێکی کار سەردانی بەڕیتانیا دەکات و دواتریش لە کاتێکی تردا سەردانێکی فەڕمی بۆ بەڕیتانیا ئەنجام دەدات.

ئۆفیسی سەرۆک وەزیری بەڕیتانیا تێریزا مەی ڕەتی کردەوە لێدوان بدات لەسەر ئەو هەواڵە و وتی هەڵوێستی خۆی بەرامبەر سەردانە فەڕمییەکە نەگۆڕاوە، و ڕوونیشی کردەوە پیشنیاری سەردانەکە بۆ سەرۆک ترامپ کراوە و سەرۆک ترامپیش قبوڵی کردووە بەڵام بەروارەکەی دیاری نەکراوە.

لە مانگی یەکی ئەمساڵدا لە میانەی سەردانەکەیدا بۆ واشنتن، تێریزا مەی سەرۆک وەزیری بەڕیتانیا بە فەڕمی بانگهێشتی سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپی کرد بۆ بەڕیتانیا.

ڕۆژنامەکە بێ ئەوەی ناوی سەرچاوەکان بڵاوبکاتەوە ڕایگەیاند سەردانەکەی سەرۆک ترامپ لەوانەیە بەشێک بێت لە سەردانەکانی بۆ کۆمەڵێک وڵات.

وتەبێژی تێریزا مەی وتی سەرۆکی ئەمەریکا بانگهێشتنامەکەی قبوڵ کردووە بۆ بەڕیتانیا و وتیشی ئاگاداری هیچ گفتوگۆیەک نیە لەسەر ئەوەی سەرۆک ترامپ بە سەردانێکی جیای کار بێت بۆ بەڕیتانیا.

حکومەتی بەڕیتانیا پەیوەندییەکانی لەگەڵ واشنتندا بە پەیوەندییەکی تایبەتی ناودێر دەکات لە کاتێکدا کە بەڕیتانیا خۆی ئامادە دەکات بۆ هاتنە دەرەوە لە یەکێتی ئەوروپادا.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG